Mazın Asad
14 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2016
حەلەب - AA
سوپای رژێمی ئەسەد و میلیشیا شیعەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئێران پێشێلکاری لە ئاگربەستەکەی رۆژھەڵاتی حەلەب دەکەن و درێژەدا بە بۆردومانکردنی ئەو گەڕەکانە دەدەن کە دەیان ھەزار خەڵکی سڤیلی لێ دەژین.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی لە ناوچە گەمارۆدراوەکانی حەلەب، دوای ئەوەی دوێنێ ئاگربەست راگەیەندرا، ئەمڕۆ بەیانی میلشیا شیعەکان و رژێمی ئەسەد ئاگربەستەکەیان پێشێل کرد و بە تۆپ و رۆکێتەوە بۆردومانی گەڕەکی سوکەری، سەڵاحەدین، ئەمرییە و چواریانی پردی حەجیان کرد.
ھاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی ئەسەد بە بۆمبی ھێشوویی ھێرشیان کردە سەر گەڕەکی سوکەری لە کاتێدا خەڵکەکە بۆ راگواستنەوە ئامادەبوون و لە ئەنجامدا دوو ھاووڵاتی سڤیل کوژران و نزیکەی ١٠٠ی دیکەش بریندار بوون.
لە بەرامبەردا ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایگەیاند کە ئامادەکارییان لە بەرامبەر پێشڕەوییەکانی ھێزەکانی رژێم کردووە.
-میلشیاکان رێگەیان بە تێپەڕبوونی بریندارەکانیان نەدا
ھاووڵاتییەکەی رۆژھەڵاتی حەلەب بەناوی محەمەد عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە دا کە دوو رۆژ لەمەوبەر لە ئەنجامی ھێرشێکدا ماڵەکەی داڕما و راشیگەیاند ھەر بەھۆی ھێرشەکە چوار لە ئەندامی خێزانەکەی بریندار بوون کە تەندروستی ھەندێکیان ناجێگیرە.
محەمەد عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئەگەر بۆ نەخۆشخانە نەگوازرێنەوە و چارەسەری پزیشکی وەرنەگرن، رەنگە بمرن. دوێنێ رێککەوتنێک بۆ گواستنەوەی بریندارەکان کرا. ئێمە بریندارەکانمان سواری ئۆتۆمبێل کرد و لە ژێر باراندا ماوەی شەش کاتژمێر میلشیا شیعەکانی سەر بە ئێران رێگەیان بە تێپەڕبوونمانیان نەدا و دووبارە گەڕاینەوە".
ئەو ھاووڵاتییەی رۆژھەڵاتی حەلەب داوای کرد لە ئێستادا با تەنھا رێگە بە تێپەڕبوونی بریندارەکان بدرێت.
بە نێوەندگیری تورکیا و بە سەرۆکایەتی رووسیا کاتژمێر ٧ی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ئاگربەست لە نێوان ھێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن راگەیەنرا و ھێرشەکان راگیران.
بەپێی ئاگربەستەکە پێشبینی دەکرا، ھاووڵاتییانی سڤیل و ئۆپۆزسیۆنی چەکدار ناوچەکە گەمارۆدراوەکان بەجی بھێڵن. لە ھەنگاوی یەکەمیشدا برینداران و دواتریش ھاووڵاتییانی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆنی چەکدار لەژێر چاودێری ئەمنییدا بەرەو پارێزگای ئیدلب بەڕێ بکەون. بەڵام میلشیا شیعەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئێران و سوپای رژێمی ئەسەد لە یەکەم ھەنگاودا رێگەیان بە تێپەڕبوونی بریندارەکان نەدا و بەرەبەیانی ئەمڕۆش دەستیان بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە کرد.