Hakan Çopur
02 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2021
واشنتۆن - AA
پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ کە پێشتر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، ڤیتۆ کرابوو، دوای تێپەڕینی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، برایە ئەنجوومەنی پیران و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.
بەهۆی ئەوەی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی پیران، پڕۆژەیاساکەیان پەسەند کرد، ترەمپ چیتر ناتوانێت پڕۆژەیاساکە ڤیتۆ بکات.
ئەمەش یەکەم پڕۆژەیاسایە کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ڤیتۆی تڕەمپ-ی تێپەڕاندبێت و کرابێتە یاسا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا ترەمپ پڕۆژەیاسای بوودجەی ئەمریکای ڤیتۆ کرد کە ٧٤٠ ملیار دۆلار بوو.
- پڕۆژەیاسای بەرگری ئەمریکا
پڕۆژەیاسای بەرگری ئەمریکا، بریتییە لە ٦٣٥،٥ ملیار دۆلار بوودجەی سەرەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ٦٩ ملیار دۆلار سندوقی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور و ٨،٩ ملیار دۆلار خەرجییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی پڕۆژەیاساکە، کۆی گشتی ئەم بەشانەی پڕۆژەیاساکە دەکاتە ٧١٣،٤ ملیار دۆلار.
لەپاڵ ئەمەشدا ٢٦،٦ ملیار دۆلار تەرخان دەکرێت بۆ خەرجییەکانی تایبەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا.
- سنووردار کردنی پەیوەندییە سەربازییەکان لەگەڵ رووسیا زیاتر دەکرێت
لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ئەمریکا-دا چەند بەندێکی تایبەت بە قەدەغە کردنی سەروەری رووسیا لە دورگەی قرم هەن.
لەم چوارچێوەیەشدا ٢٥٠ ملیۆن دۆلار پشتیوانی سەربازیی پێشکەشی ئۆکراینا دەکرێت.
- کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا و کۆریای باشوور قەدەغە دەکرێت
پڕۆژەیاساکە پشتیوانی پلانەکەی ترەمپ-ی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا و کۆریای باشوور نەکردووە، بەڵکو مەرجی ئەوەشی داناوە کە لە ئێستادا ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە کۆریای باشوور لە ٢٨ هەزار و ٥٠٠ سەرباز و لە ئەڵمانیا لە ٣٤ هەزار و ٥٠٠ سەرباز کەمتر نەبێت.
- بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا
لە پڕۆژەیاسای بوودجەی بەرگری ئەمریکا-دا داوا کراوە لە چوارچێوەی یاسای "بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمریکا لەڕێی سەپاندنی سزاوە"، بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگری ئێس-٤٠٠، لە ماوەی ٣٠ رۆژدا سزا بەسەر تورکیا-دا بسەپێندرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماوەی رابردوودا ئیدارەی ترەمپ بەهەمان هۆکار سزای بەسەر تورکیا-دا سەپاندبوو، چاوەڕێ ناکرێت سزای نوێ بخرێتە سەر ئەنقەرە.