Hasan Esen
01 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2021
لەندەن- AA
بەڕیتانیا، لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناغی راگوزەر کە لە دوای برێکست دەستیپێکردبوو، بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە نزیکەی ٥٠ ساڵ ئەندامێتی خۆی لە یەکێتیی ئەورووپا-دا هێنا.
شەوی رابردوو لە کاتژمێر ١١دا و لە ڕێی لێدانی زەنگی کاتژمێری بیگ-بن جیابوونەوەی تەواوەتی بەڕیتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا راگەیەندرا، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا هیچ جۆرە رێوڕەسم و چالاکییەک رێکنەخرا.
بەم شێوەیە بەڕیتانیا، لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ قۆناغێکی نوێی دەستپێکرد.
لەم چوارچێوەیەشدا یاسای نوێ بۆ بازرگانی، گەشت، دادپەروەری، کۆچ و ئاسایشی نێوان بەڕیتانیا و یەکێتیی ئەورووپا پەیڕەودەکرێن.
بەگوێرەی رێککەوتننامەی بازرگانی سەربەست کە لە ٣٠ی کانوونی یەکەمدا لە نێوان هەردوولادا واژۆ کرا، پەیوەندییە بازرگانییەکانیان بەردەوام دەبێت بەڵام بەڕیتانیا دەسەڵاتی خۆی لە دادگاکانی ئەورووپا لەدەستداوە.
هەروەها ئەو بەڕیتانیانەی لە وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا نیشتەجێن، مافی مانەوە و مۆڵەتی کار کردنی بێسنوور لەدەستدەدەن.
هاووڵاتییانی ئەورووپاش تەنها لە کاتی هەبوونی تەواوی مەرجە داواکراوەکاندا دەتوانن بۆ بەڕیتانیا گەشت بکەن.
تا ئێستاش هیچ بڕیارێک لە بارەی بانکەکانەوە کە لایەنێکی گرنگی ئابووری بەڕیتانیا-ن، بۆرای گشتی ئاشکرا نەکراوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە حوزەیرانی ٢٠١٦دا لە بەڕیتانیا گشتپرسی ئەنجامدرا و تیایدا بە رێژەی سەدا ٥٢ی دەنگدەران داوای جیابوونەوەی بەڕیتانیا-یان لە یەکێتیی ئەورووپا کرد.