Mazın Asad
30 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2017
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئاماژەی بەوە دا کە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە لە رووسیا دژی گەندەڵی، وەک بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاردەھێنرێت و گوتیشی: "ھەر کەسێک لە دەرەوەی یاساکان مامەڵە بکات، پێویستە لەسەر بنەمای یاساکانی رووسیا سزا دەدرێت".
پوتین لە گوتارێکی لە کۆنفڕانسێک لە ژێرناونیشانی "ناوچەی دیالۆگ- جەمسەری باکوور" لە شاری ئارھانگلسک-ی رووسیا ھەڵسەنگاندنی لەسەر خۆپێشاندانەکانی رووسیا، پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا و دۆخی جەمسەری باکوور کرد.
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە دا کە ھەموو کاتێک بەرەنگاریی گەندەڵی بوونەتەوە و راشیگەیاند بەپێی راپرسییەکانی ئەم دواییەدا دەرکەوتووە کە رێژەی گەندەڵی لە رووسیا دابەزیوە.
پوتین جەختی لەوەش کردەوە کە خۆپێشاندانەکانی ٢٦ی ئەم مانگە دژی گەندەڵی، وەک بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکار دەھێنرێت و گوتیشی: "بەکارھێنانی ئەم دۆخە وەک بانگەشەی ھەڵبژاردن راست نییە. کاتێک سەیری بەھاری عەرەبی و رووداوەکانی ئۆکراینا دەکەین، دەبینن کە ئەم جۆرە جموجۆڵانە زیانی ھەیە. ھەر کەسێک لە دەرەوەی یاساکان مامەڵە بکات، پێویستە لەسەر بنەمای یاساکانی رووسیا سزا دەدرێت".
پوتین ھەڵسەنگاندنی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا کرد و ئاماژەی بەوە دا کە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە جەمسەری باکوور وەک ھەڕەشەیەک دەبینن و زیاتر گوتیشی: "کاتێک ئێمە چالاکیی سەربازیی لە جەمسەری باکوور لەسەر ئاستی ناوخۆ بەڕێوە دەبەین، پەرەپێدانی سیستەمی دژە مووشەک لەلایەن ئەمریکا لە ئالاسکا، کێشەیەکی جیھانی دروستکردووە".
سەرۆکی رووسیا لە درێژەدا روونیشی کردەوە کە کاری ھاوبەشی رووسیا و ئەمریکا لە ھەندێک پرسە ھەستیارەکانی وەک سووریا بە باشی بەڕێوە دەچێت و گوتیشی: "ئەمە ئاماژەیەکی باشە و ھیواخوازم ئەو دۆخە رەنگدانەوەی لەسەر ناوچەکانی دیکەی جیھانیش ھەبێت. رووسیا دەیەوێت ھاوبەشی لەگەڵ ھێزی گەورەی وەک ئەمریکا پێک بھێنێت و دەنگۆکانی بەدەر لەمە، دوورن لە راستی".
لەبارەی دەنگۆکانی سەر باڵیۆزی رووسیا لە واشنتۆن سێرگی کیسلیاک کە بە "ئەنجامدانی دیداری سیخوری" تۆمەتبار کراوە، پوتین رایگەیاند: "ئەمە بێ بنەمایە. باڵیۆزی ئەمریکا لە مۆسکۆ بەردەوام لەگەڵ ئێمە و بەرپرسانی حکوومەتی رووسیا و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی رووسی کۆدەبێتەوە و ئێمە لە جیاتی رێگریکردن لەمە، ھانی دەدەین. لە دیپلۆماسیدا ئەمە دەکرێت".