Emre Gürkan Abay
25 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2025
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین ڕایگەیاند: "ڕووسیا ئامادەیە دەرفەتی پێکەوە کارکردن لە بواری توخمی دەگمەنی زەوی پێشکەش بە ئەمریکا بکات. بەدڵنیاییەوە لە ڕووی ئەو جۆرە سەرچاوانەوە لە ئۆکراینا زیاترمان هەیە".
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی فەڕمی وڵاتەکەی Rossiya-24، پوتین باسی لە بابەتەکانی ڕۆژەڤ کرد.
پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی ئاڕاستەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کردووە و، ڕایگەیاند: "باوەڕم بە ترەمپ هەیە کە دەیەوێت دۆخی سیاسیی ئۆکراینا باش بکات. ئەم دەستپێشخەریە لە ڕووسیا زیاتر لە بەرژەوەندی ئۆکراینادایە".
ڤلادیمێر پوتین باسی لەوە کرد کە ترەمپ وەک ڕووسیا خوازیاری ئاشتییە لە ئۆکراینادا و، ڕایگەیاند: "ئەمە لە بەرژەوەندی ئۆکراینا و دەوڵەتی ئۆکراینادایە. ئێمەیش هیچ تانەیەکمان نییە بەرامبەر پاراستنی دەوڵەتی ئۆکراینا''.
پوتین ئەوەی خستەڕوو کە بەپێی داتاکانی ڕووسیا چانسی زێلێنسکی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دابەزیوە و، ڕایگەیاند: ''ڕێژەی دەنگی نزیکترین ڕکابەری سیاسیی، واتە سەرۆکی پێشووی ئەرکانی ئۆکراینا کە دوورخراوەتەوە بۆ لەندەن، ڤالیری زالوژنی دوو هێندە زیاترە''.
سەرۆکی ڕووسیا پوتین، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەرپرسانی ئەورووپی ئاگاداری پێشهاتەکانی ئۆکراینا نین و، ڕایگەیاند: ''ئەورووپییەکان زۆر بەڵێنیان دا و، ئێستا زۆر قورسە بۆیان بەبێ هیچ زیانێک لەم هەڵوێستە دوور بکەونەوە''.
سەبارەت بە توخمی خاکە دەگمەنەکان لە نێوان ئەمریکا و ئۆکراینادا، پوتین ڕایگەیاند: ''ئەمە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ڕووسیا ئامادەیە دەرفەتی پێکەوە کارکردن لە بواری توخمی دەگمەنی زەوی پێشکەش بە ئەمریکا بکات، بەدڵنیاییەوە لە ڕووی ئەو جۆرە سەرچاوانەوە لە ئۆکراینا زیاترمان هەیە. ڕووسیا لە ڕووی یەدەگی ئەم توخمی زەویە دەگمەنانەوە یەکێکە لە پێشەنگەکانی''.
هەروەها سەبارەت بە ئەگەری کەمکردنەوەی بوودجەکانی بەرگریی لە ئەمریکا و ڕووسیا، پوتین ڕایگەیاند: ''کەمکردنەوەی بوودجەکانی بەرگریی لەگەڵ ئەمریکا بە سەدا ٥٠ بۆچوونێکی باشە، چینیش ئەگەر بیەوێت دەتوانێت دواتر بەشدار بێت''.
پوتین دەربارەی لێدوانێکی ترەمپ کە باسی لەوە کردبوو لەگەڵ ڕووسیادا لەسەر چەند پرۆژەیەکی گرنگی ئابووریی ڕاوێژ دەکەن، ڕایگەیاند: ''بەڵێ، هەندێک کۆمپانیا لە پەیوەندیدان بەیەکەوە و، ئەم جۆرە پرۆژانە تاوتوێ دەکەن''.