Sarmand Hameed
22 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2022
هەولێر - AA
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت رایگەیاند، هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆسەر عێراق جێگەی قبوڵکردن نییە.
جێنین ھێنیس پلاسخارت لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
پلاسخارت لەگەڵ پەیامەکەیدا، پەیامێکی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) کە رۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان بڵاوی کردبوویەوە، شەیر کردووە.
لە پەیامەکەی یونامیدا هاتووە "هێرشی دووبارە و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق دەبێت رابگیرێت. ئەم کارە شەڕانگێزییانە نەک هەر بە بێباکانە گرژییەکان زیاتردەکات بەڵکو کارەساتیشی لێدەکەوێتەوە".
یونامی جەختی لەوە کردووەتەوە تاکە رێگە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە دەرەکییەکانی وڵاتانی دراوسێ بریتییە لە بەکارهێنانی ئامرازە دیپلۆماتییە دامەزراوەکان.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت لەگەڵ شەیرکردنەوەی تویتەکەی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) ، نووسیوویەتی "بەداخەوە تەنها دەتوانین وتەکانمان دووبارە بکەینەوە. هێرشە بەردەوامەکانی ئێران جێگەی قبوڵکردن نییە".
پلاسخارت راشیگەیاندووە، پێویستە عێراق وەک یەک مامەڵە بکات بۆ ئەوەی بوار بە هەڕەشەی زیاتر نەدات. هێز لە دەرەوەی وڵات لە یەکڕیزی ناوخۆییەوە دەست پێدەکات.
جێنین ھێنیس پلاسخارت لە کۆتایی پەیامەکەدا هاشتاگی لەگەڵ هەولێر و بەغدا داناوە.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستاندا کرد.
پێشتریش لە ٢٨ی ئەیلوول، کۆماری ئیسلامی ئێران چەند شوێنێکی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کرد و یەکێک لەوانە بارەگای پارتی ئازادی کوردستان بوو لە ناحیەی پردێ کە تیاییدا ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە.
رۆژی ١٤ ی تشرینی دووەم، جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانی لە کۆیە بۆردوومان کرد، هاوکات دووشەممەی رابردوو جارێکی دیکە لە رێگای درۆنی بۆمبرێژکراو و مووشەکەوە، قەزای کۆیە و گوندی جەژنیکان سەربە ناحیەی بەحرکە لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرا.