جيهان

پزیشکیان: "ئەگەر باران نەبارێت ئاومان نامێنێت و ناچار دەبین تاران چۆڵ بکەین"

Ahmet Dursun  | 07.11.2025 - نوێکردنەوە : 08.11.2025
پزیشکیان: "ئەگەر باران نەبارێت ئاومان نامێنێت و ناچار دەبین تاران چۆڵ بکەین"

Tahran

تاران - AA

سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر لە ماوەیەکی کەمدا لە تارانی پایتەخت باران نەبارێت، ئەوا لە مانگی داهاتووەوە دەست بە کەمکردنەوەی پێدانی ئاو لە شارەکە دەکرێت، ئەگەر ئەوەش بەس نەبێت، ناچار دەبن تاران چۆڵ بکەن.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئیتیماد، پزیشکیان لە گوتارێکدا لە میانی سەردانیدا بۆ شاری سنە، ئاماژەی بە چەندین کێشەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا کرد.

پزیشکیان باسی لەوە کرد کێشەکان پەیوەندیان بە نرخە گرانەکان و هەڵئاوسانەوە هەیە، کە هەم ئەنجامی ڕێوشوێنە هەڵەکانی ناوخۆن و هەمیش پەیوەندیان بە سزاکانەوە هەیە و، ڕایگەیاند: "گرانی نرخ و هەڵئاوسان هەڵەی پەرلەمان و حکوومەتە. کار لەسەر ئەوە دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرچاوە داراییەکان سنووردارن، پڕۆژەکان نیوەناچڵ دەمێننەوە".

مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بە قەیرانی ئاو لە ئێران کرد کە بەهۆی وشکەساڵییەوە دروست بووە و، ڕایگەیاند: "ئێران لە ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانە سروشتییەکان بووەتەوە، وەک کەمی باران و سەرچاوەکانی ئاو، ڕەنگە ئەم قەیرانانە ئەنجامی خراپیان لێبکەوێتەوە".

پزیشکیان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە پێویستە لە بەکارهێنانی ئاو و وزەدا دەست پێوە بگیرێت و بەڕێوەبەرایەتییەکی باشتر هەبێت، بەتایبەتی کێشەی ئاو لە تاران زەنگی ئاگاداری لێداوە و، ڕایگەیاند: "ئەگەر باران نەبارێت، لە مانگی داهاتووەوە ناچار دەبین لە تاراندا دەست بە کەمکردنەوەی ئاو بکەین. ئەگەر دوای ئەوەش باران نەبارێت، ئاومان نامێنێت و ناچار دەبین تاران چۆڵ بکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın