Sangar Hamad Azeez
04 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2016
مۆسکۆ -
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا لەبارەی هەڵپەساردنی رێککەوتنی نێوان رووسیا-ئەمریکا لە بارەی سووریا رایگەیاند "ئەمریکا بەڵێنەکانی نەبردۆتە سەر و دەیەوێت بەرپرسیارێتی تێکچوونی رێککەوتنەکە بخاتە ئەستۆی رووسیا".
لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا باسی لە رێککەوتنی نێوان رووسیا-ئەمریکا کرد لەبارەی سووریا.
زاخارۆڤا گوتی: "واشنتۆن لە بارەی ئاساییکردنەوەی ژیانی هاووڵاتییان لە حەلەب هیچ لە بەڵێنەکانی نەبردە سەر، ئەگەر سەیرکەن لە ئێستادا خۆیان بەڵێنەکانیان نەگەیاندۆتە سەر کەچی هەوڵ دەدەن بەرپرسیارییەتەکە بخەنە ئەستۆی رووسیا".
سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی رووسیا، کۆنستانتین کۆساچێڤ ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بەلێنەکانی نەگەیاندۆتە سەر و گوتی: "ئەو بڕیارەی کە ئەمریکا لە بارەی سووریا داویەتی کۆتاییەکی تراجیدیانەی دەبێت و ئەمریکاش خۆی بەرپرسە لە دەرئەنجامەکان".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیربی رایگەیاند کەوا بڕیاریانداوە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانیان لەگەڵ رووسیا لە بارەی قەیرانی سووریاوە هەڵپەسێرن.
کیربی گوتی: "حکوومەتی مۆسکۆ توانای ئەوەی نییە فشار بخاتە سەر رژێمی ئەسەد تاوەکو پەیوەست بن بە رێککەوتنی ئاگربەست".