پاکستان: "زانیارییمان بەدەست گەیشتووە لەوەی ھیندستان ھێرش دەکاتە سەرمان"
وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، عەتائوڵڵا تارار ڕایگەیاند کە زانیاریی ھەواڵگریی متمانەپێکراویان بەدەست گەیشتووە، لەوەی ھیندستان لە میانی ٢٤ بۆ ٣٦ کاتژمێری داھاتوو، ھێرش دەکاتە سەر وڵاتەکەی.

Ankara
ئەنقەرە ــ AA
وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، عەتائوڵڵا تارار ڕایگەیاند کە زانیاریی ھەواڵگریی متمانەپێکراویان بەدەست گەیشتووە، لەوەی ھیندستان لە میانی ٢٤ بۆ ٣٦ کاتژمێری داھاتوو، ھێرش دەکاتە سەر وڵاتەکەی.
عەتائوڵڵا تارار لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھیندستان ئەو ھێرشەی کە لە ناوچەی پەھالگام ئەنجامدراوە، کردووەتە بیانوو بۆ ھێرشی سەربازیی بکاتە سەر پاکستان.
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ھەر کردەیەکی دوژمنکارانە بکرێتە سەر پاکستان، ئەوا پاکستان زۆر بەتوندی وەڵام دەداتەوە، ھەروەھا ھیندستان بەرپرسیارێتی تەواو لە ھەر دەرئەنجامێکی مەترسیدار لە ناوچەکەدا دەگرێتە ئەستۆ.
گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان دوای ئەو ھێرشە چەکدارییەی کە ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە لە ناوچەی پەھالگام سەربە ھەرێمی جامو کشمیر (باکوور) کە لەلایەن ھیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت و بەھۆیەوە ٢٦ کەس کوژران، بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندوە.