Barış Seçkin
05 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2023
ڤاتیکان - AA
پاپای کڵێسای کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس لەبارەی دۆخی غەززەوە جارێکی دیکە داوای ئاگربەستی کرد.
پاپا فرانسیس کە ڕۆژانی یەکشەممە لە پەنجەرەی ئۆفیسەکەی لە گۆڕەپانی پێترۆس لە ڤاتیکان، نزا دەکات، دوای ڕێوڕەسمی نزاکردن، گرنگی دا بە پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.
پاپا گوتی: "لە فەڵەستین و ئیسرائیل خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە و ئەوە دۆخێکی جددییە. تکایە ڕابوەستن. بە ناوی خوا ئاگربەست ڕابگەیەنن".
پاپای کڵێسای کاسۆلیک دۆخی مرۆیی خەڵکی غەززەی بە دۆخێکی جددی ناو هێنا و گوتی: "هیوادارم بەر لەوەی پێکدادانەکان تەشەنە بستێنێ، هەموو ڕێگەیکی (ئاشتی) تاقی بکرێتەوە. هیوام وایە بریندارەکان چاک ببنەوە و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە کە لە دۆخێکی زۆر هەستیاردان، بگات".
پاپا فرانسیس هەروەها ئاواتی خواست کە دیلەکان بە زووترین کات ئازاد بکرێن و گوتی: "لەناو بەدیل گیراوەکاندا منداڵ هەیە. ئەوانە بگەڕێنەوە بۆ خێزانەکانیان. بەڵێ بیر لە منداڵان دەکەینەوە. بیر لە منداڵانی ئەو جەنگە و جەنگی ئۆکرایناش دەکەینەوە. ئەوە داهاتوویان دەکوژێت. نزا دەکەم بۆ ئەوەی توانای ئەوەمان هەبێت بڵێن بەسە".
پاپای کڵێسای کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس پێشتریش لە ٢٩ی تشرینی یەکەم لەبارەی دۆخی غەززەوە داوای ئاگربەستی کرد.