Zana Natık Kerem
06 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2018
پاریس ــ AA
پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بووە مژاری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو.
لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ پاریس، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کۆبوویەوە.
دوای کۆبوونەوەکە کە لە کۆشکی ئیلیزێ بەڕێوەچوو، ئیمانوێل ماکرۆن و بێنیامین ناتانیاھو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز کرد.
سەرەتا ماکرۆن تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و رایگەیاند کە جارێکی دیکە گرنگی پابەندبوون بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بە ناتانیاھوی راگەیاندووە، ئەوەیش لە پێناو چاودێرکردنی پڕۆگرامی مووشەکی بالیستی لە ناوچەکە.
سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشدا کە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەس نییە و دەبێت جارێکی دیکە لە ساڵی ٢٠٢٥دا دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەی بەرنامەی مووشەکی بالیستی ئێرانیش و دۆسیەکانی دیکەی ھەرێمی بگرێتەوە.
سەبارەت بەوەی ئێران رایگەیاندووە توانای پیتاندنی یۆرانیۆم زیاد دەکات، ئیمانوێل ماکرۆن ھۆشداری دایە سەرجەم لایەنەکان نەکەونە دوای کارێک کەوا ببێتە ھۆی ھەڵگیرسانی ململانێ لە نێوانیاندا.
سەرۆکی فەڕەنسا باسی لەوەشکرد کە لە میانی لووتکەی کۆمەڵەی جی ٧ کە بڕیارە لە ٨ و ٩ی ئەم مانگە لە کەنەدا بەڕێوەبچێت، سەرجەم پرسە ھەرێمییەکان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ تاوتوێ دەکات.
ھەر لە درێژەی قسەکانیدا، ماکرۆن رایگەیاند کە لەگەڵ ناتانیاھو گرنگی ھاوکارییەکانی نێوان فەڕەنسا و ئیسرائیلیان لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا تاوتوێکردووە.
سەرۆکی فەڕەنسا راشیگەیاند کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ناتانیاھودا، باسیان لە پرسی ئیسرائیل و فەڵەستین کردووە و گوتی: "گرنگە قودس ببێتە پایتەختی دوو دەوڵەتیی و دەبێت دانوستانەکان لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبچن".
ئیمانوێل ماکرۆن جارێکی دیکە ھەموو ئەو کردە توندوتیژیانەی ئیدانە کرد کە خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو داوای کرد سزای توند بەسەر ئێراندا بسەپێندرێت و ئاماژەی بەوەشدا کە ئیسرائیل ئەرشیڤێکی لە بارەی بەرنامەکانی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی ئێران ھەیە.
بێنیامین ناتانیاھو ئاماژەی بەوەشداوە ئەوەی بۆ ماکرۆن دووپاتیکردەوە کە ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە نەمێنێت و ئیسرائیل دەیەوێت ئاشتی لە سووریا بەدی بھێنرێت، بەڵام بەدیھێنانی ئەوە، پێویستی بە کشانەوەی ئێران لە سووریا ھەیە.
دوێنێ سێشەممە سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران، عەلی ئەکبەر ساڵحی رایگەیاندبوو کە لەسەر داوای رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی دەستکراوە بە کاری گونجاو بۆ دامەزارندنی ئامێری سەنتەرفویجی پێشکەوتوو لە دامەزراوەی نەتەنز.
لە ھەشتی ئەم مانگە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان وڵاتانی کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک و ئێران راگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا واژوو کرابوو و راشیگەیاندبوو کە دووبارە دەست دەکاتەوە بە کارکردن بە سزا ئابوورییە سەپێندراوەکانی سەر ئێران.