Zana Natık Kerem
11 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2018
جنێڤ ــ AA
کۆبوونەوەی شاندی وڵاتانی گرەنیتکار بۆ سووریا کە لە تورکیا، رووسیا و ئێران پێکھاتوون لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی پێکھێنانی لیژنەی دەستووری و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی گفتوگۆکردن لە بارەی سووریا کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لە شاری سوچی لە رووسیا بەڕێوەچووبوو لە شاری جنێڤ دەستیپێکرد.
ئەم کۆبوونەوەش لەسەر بانگھێشتی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستافان دی میستورا سازکراوە کە پێشتر بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی پێکھێنانی لیژنەیەکی دەستووری ئاراستەی ئەو لایەنانەی کردبوو.
شاندی وڵاتانی گرەنتیکار بۆ سووریا دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەسەر ئاستی تەکنیکی، دووقۆڵی و سێقۆڵی وەک ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە ئامانجی گفتوگۆکردن لە بارەی پرسەکانی پەیوەست بە پێکھێنانی لیژنەی دەستووری ساز کردبوو، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتنە بارەگای نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤ.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە ژمارەیەک سەرچاوەی ئاگادار دەستکەوتوون، دوای ئەوەی پێشتر نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستافان دی میستورا بە لیستێک ناوی ژمارەیەک کەسایەتی سەربەخۆ، شارەزا و نوێنەرانی کۆمەڵگەکانی رێکخراوی مەدەنی وەک ئەندامێتی بۆ لیژنەی دەستووری لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی سوچی کە لە ٣٠ی و ٣١ی مانگی تەمووزی رابردوودا ساز کرابوون پێشکەش کردبوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو لیستە دەکرێت و بە وردی گفتوگۆی لەبارەیەوە دەکرێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، سادات ئوناڵ و نێردەی سەرۆکی رووسیا، ئەلیکسەندەر لاڤرنتیڤ و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەنساری لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی جنێڤدا، سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەیان دەکەن.
چاوەڕوان دەکرێت ھەر ئەمڕۆ نووسینگەی ستافان دی میستورا لە راگەیەندراوێکدا، وردەکاری و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخاتەڕوو.
ھەروەھا چاوەڕوان دەکرێت، ستافان دی میستورا لە ١٤ی مانگە لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی ھەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئوردن، میسر و سعوودیە تایبەت بە دۆسیەی سووریا کۆببێتەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی سۆچی نێوان وڵاتانی گرەنتیکار، رەزامەندی لەسەر ناوی ئەو کەسانەی کە بە ژمارەیەک لیست بۆ ئەندامێتی لە لیژنەی دەستووری دەستنیشان کراون درابوو کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی جنێڤدا وێرای ھەڵسەنگاندنی ئەو لیستانە، ھەروەھا میکانیزمی سیستەمی پەیڕەوی ناوخۆی لیژنەکەی تاوتوێ دەکرێت.