Zana Natık Kerem
16 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2018
لوكسمبورگ ــ AA
نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری سیاسەتی دەرەكی و ئاسایش، فێدێریكا مۆگێرینی رایگەیاند كە یەكێتیی ئەورووپا لە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوودا، دەیەوێت دانوستانەكانی ئاشتی لە بارەی سووریا كار بكاتەوە، ئەوەش دوای ئەو هێرشانەی كە رۆژی شەممەی رابردوو هەریەك لە ئەمریكا، بەریتانیا و فەڕەنسا دژ بە خاڵە سەربازییەكانی رژێم لە دیمەشق ئەنجامیان دابوو.
بە پێی ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشییەیتد پرێس بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا لە لوكسمبورگ، فێدێریكا مۆگێرینی لە لێدوانێكدا گوتی: "پڕۆسەی ئاشتی لە بارەی سووریا بە سەركردایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان پێویستی بە كاراكردنەوە هەیە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو بەرپرسیاریەتییە لە ئەستۆ بگرێت".
لە 24ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی 70 شاند، دووەم كۆنگرەی بڕۆكسل بۆ پشتیوانیكردن لە ئایندەی سووریا و ناوچەكە دەبەسترێت كە تا 25ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، ستیڤ بلۆك گوتی: "پێویستە لە میانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی درێژە بە فشارەكان لە پێناو گەیشتن بە چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سووریا بدەین، چونكە ئەو تاكە رێگەیە بۆ ئەوەی بتوانین پێشڤەچوون بەدی بهێنین".