Zana Natık Kerem
29 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2020
پاریس ــ AA
سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا، ئیدوارد فیلیب هۆشداری ئەوەی دا كە 15 رۆژی یەكەمی مانگی داهاتوو زۆر سەخت دەبێت بۆ وڵاتەكەی لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19).
ئیدوارد فیلیب لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا لە پاریس سەبارەت بە پێشهاتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دوا و گوتی:
"فەڕەنسا رووبەڕووی قەیرانێك بووەتەوە كە پێشتر بەرەوڕووی نەبووەتەوە، هەروەها لەئێستادا نیوەی جیهان پابەندكراون لە ماڵەوە بمێننەوە كە ئەوەیش یەكەمجارە روودەدات ".
سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا، ئیدوارد فیلیب راشیگەیاند "بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە چاوەڕوانی خراپتر دەكەین، 15رۆژی یەكەمی مانگی داهاتوو بەرەوڕووی سەختی دەبینەوە لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكەدا".
باسی لەوەشكرد كە ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بەخێرایی لە فەڕەنسا بڵاودەبێتەوە و ئاشكرایكرد كە هەر سێ رۆژێك، ژمارەی تووشبووان لە فەڕەنسا دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و بەمشێوەیە بڕوات فەڕەنسا لە رووی تۆماركردنی ژمارەی گیانلەدەستدان و تووشبوون وەك ئیتاڵیا و ئیسپانیای لێ دێت.
تا ئێستا لە فەڕەنسا، دوو هەزار و 314 كەس بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو كەسانەش كە تووشی ڤایرۆسەكە بوون گەیشتووەتە، 37 هەزار و 575 کەس كە شەش هەزار و 624یان چاكبوونەتەوە.