29 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2020
بەغدا - AA
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تۆمارکردنی پێنج حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە وڵات راگەیاند.
گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، سەیف بەدر لە راگەیەنراوێکدا روونیکردووەتەوە: "ئەو پێنج حاڵەتەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تۆمارکران، چواریان لە بەغدایە(سێ لە کەرخ و یەک لە رەسافە) و پێنجەمیان لە پارێزگای بابل بوو".
سەیف بەدر ئەوەیشی روونکردووەتەوە کە تیمەکانی سەر وەزارەتی تەندروستیی چاودێریی ئەو کەسانەیان کردووە و دەرکەوتووە کە ئەو پێنج کەسە هەڵگری ڤایرۆسەکەن و لە ئێستادا کەرەنتین کراون.
بە تۆمارکردنی ئەم پێنج حاڵەتە، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بەرزبوویەوە و گەیشتە ١٣ کەس.
تووشبووەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بەم شیوەیەیە: شەش لە پارێزگای بەغدا، پێنج لە پارێزگای کەرکووک، و یەک لە پارێزگای بابل و کەسەکەی دیکەیش لە پارێزگای نەجەف بوو.
هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید -١٩) چەند هەنگاو و رێککارێکیان گرتووەتەبەر لەوانە کردنە پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن و قەدەغەی گەشتکردنی هاووڵاتییان بۆ وڵاتانی چین، ئێران، ژاپۆن، کۆریای باشوور، تایلەند، سەنگاپوور، ئیتاڵیا، کوێت و بەحرێن، جگە لە شاندە فەرمییەکان.