Shamal Nouman Bakir
28 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2020
بەغدا - AA
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی-یە سازبکرێت، بە ئامانجی دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی "مەترسیدار"ی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ دانانی رادەیەک بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاکە.
لەمبارەیەوە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حەسەن کەعبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە "داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکەین لەنێوان شانەکانی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەت بە ئامادەبوونی سەرۆکی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی، مستەفا کازمی بە ئامانجی تاوتوێکردنی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی گەورە و مەترسیداری حاڵەتەکانیی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.. و پەلەکردن لە دانانی چارەسەری پێویست و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە".
حەسەن کەعبی کە هاوکات سەرۆکی شانەی قەیرانەکانە لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەیاننامەکەیدا رەخنەی لە رێوشوێنەکانی حکوومەت گرتووە و رایگەیاندووە، "ئەو رێوشوێنانەی کە حکوومەت پەیڕەویان دەکات بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم پەتا کوشندەیە، زۆر سستن".
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەیش داوە کە شانەی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران چەندین جار هۆشداری داوە لە مەترسی سستی و گوێنەدان بە جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی بەرگرتن و رێگەگرتن لەو ناوچانەی کە زۆرترین حاڵەتەکانی تیادا تۆمارکراوە.
حەسەن کەعبی هەروەها هۆشداریشی داوە لە روودانی کارەساتێکی تەندروستیی و مرۆیی و رایگەیاندووە "ئەگەری داڕووخانی سستەمی تەندروستیی لە سەرجەم نەخۆشخانەکان لە ئارادایە، ئەگەر رێوشوینەکانی ئێستا گۆڕانکارییان بەسەدا نەهێت".
بەپێی دوایین ئامار ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە عێراق گەیشتووەتە، پێنج هەزار و ١٣٥ کەس.