Menna Ahmed,Dlshad Saifaalddin Ahmed
11 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2019
پاریس ـ AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە شاری پاریس پایتەختی فەڕەنسا، رێپێوانێکی بەرفراوان رێکخرا بۆ ھاوسۆزی دەبڕین لەگەڵ موسڵمانان و دانانی سنوورێک لەبەردەم ترس لە ئیسلام "ئیسلامۆفۆبیا" و رقلێبوونەوە لە موسڵمانان.
رێکخەرانی رێپێوانەکە رایانگەیاند کە ٢٥ ھەزار کەس بەشدارییان لەو چالاکییەی پاریسدا کرد، کە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە گۆڕەپانێکی شارەکە بەڕێوەچوو.
بەشداربووانی رێپێوانەکە، چەندین درووشمیان بەرز کردبوویەوە بۆ پشتیوانی کردنی موسڵمانان و ژنانی پاڵاپۆش لە وڵاتەکەیان، لەوانەش " کۆتایی بە ئیسلامۆفیا بھێنن" ، و"بەڵێ بۆ رەخنەگرتنی ئایینەکان، نا بۆ رقلێبوونەوەی باوەڕدارانی ئایینەکان"، و "ھاوسۆزیمان بۆ ژنە باڵاپۆشەکان".
پێشتر چەندین پارت و لایەنی سیاسی و رێکخراو و کەسایەتییەکانی فەڕەنسا بانگھێشتی بەشداریکردن لە رێپێوانەکە کرابوون.
لەو چوارچێوەیەشدا لە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی رابردوو لە رێگەی رۆژنامەی "لیبراسیۆن" بانگھێشت کرا بۆ رێپێوانەکە، ئەوەش دوای چەند رۆژێک لەھێرشی سەر مزگەوتێکی شاری بایۆن باشووری رۆژئاوای فەڕەنسا کە چالاکوانێکی راستڕەوی نەتەوەیی تەمەن ٨٤ ساڵان پێی ھەستا، بەو ھۆیەوە دوو کەس بەسەختی بریندار بوون.
فەڕەنسا لەنێو وڵاتانی ئەورووپای رۆژئاوا، زۆرترین رێژەی موسڵمان لەخۆ دەگرێت و ژمارەیان دەگاتە حەوت ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس.