Erbil Başay
27 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2021
بەرلین - AA
لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەڵمانیادا، پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) سەدا ٢٥،٧ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە.
دەستەی هەڵبژاردنەکانی فیدڕاڵیی، ئەنجامی فەڕمی بەرایی ئەو هەڵبژاردنە گشتییەی بڵاوکردەوە کە ٢٠هەمین خولی پەرلەمانی فیدراڵی پێکدەهێنێت.
پارتی سۆسیال دیموکرات کە ئۆلاف سکۆلز وەزیری دارایی کاندید کردبوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وەزیران لە هەڵبژاردنە گشتییەکەدا %٢٥ی دەنگەکانی بەدەست هێنا.
بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٧، پارتی سۆسیال دیموکرات دەنگەکانی ٥،٢ خاڵ زیادی کردووە کە ئەوەیش یەکەم جارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ەوە ببێتە پارتی یەکەم لە هەڵبژاردندا.
پارتەکانی یەکێتیی مەسیحیی (CDU/CSU) کە سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحیی (CDU)، ئارمین لاسچیتیان کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، سەدا ٢٤،١ی دەنگەکانیان بەدەست هێنا و بوونە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکە.
پارتەکانی یەکێتیی مەسیحیی کە لە پارتی یەکێتیی دیموکراتیی مەسیحیی و پارتی یەکێتیی کۆمەڵایەتیی مەسیحیی (CSU) پێکهاتووە، کە پارتێکی دەستە خوشکە لە ویلایەتی باڤاریا، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٧ دەنگەکانی بەڕێژەی ٨،٩ خاڵ کەمی کردووە.
بەپێی ئەنجامی راگەیەندراو، لەو هەڵبژاردنە گشتییانەدا کە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە ئەنجامدراون، ئەوە یەکەمجارە پارتەکانی یەکێتیی مەسیحیی کەمترین دەنگ بەدەستبهێنن.
پارتی سەوز، رێژەی دەنگەکانی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی چوار ساڵ پێش ئێستا ٥،٨ خاڵ زیادی کردووە و بە بەدەستهێنانی سەدا ١٤،٨ی دەنگەکان بووەتە براوەی سێیەم، هەروەها پارتی دیموکراتی ئازاد (FDP) کە پشکی دەنگدانی بەڕێژەی ٠،٧ خاڵ زیادی کردووە، سەدا ١١،٥ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و بووەتە پارتی چوارەم.
بەو دەنگەی لەم هەڵبژاردنە گشتییەدا بەدەستی هێناوە، پارتی سەوز تا ئێستا زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە.
پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) کە دژە کۆچبەران و دژە ئیسلامە، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ بە لەدەستدانی ٢،٣ خاڵ، رێژەی دەنگەکانی دابەزی و بە بەدەستهێنانی ١٠،٣ی دەنگەکان بووە پێنجەم براوەی ئەم هەڵبژاردنە گشتییە.
پارتی چەپ کە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو ٤،٣ خاڵی دەنگەکانی لەدەستداوە، ٤،٩ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و، بووەتە شەشەمین پارتی براوەی هەڵبژاردن.
پارتی چەپ کە شکستی هێنا لە تێپەڕاندنی بەربەستی سەدا پێنجی هەڵبژاردن، بەڵام توانی لانیکەم لە سێ ناوچەدا پەرلەمانتارانی دەربچێنێت. بە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەڵمانیا لە خولی یاسادانانی داهاتوودا وەک گرووپێک لە پەرلەمان نوێنەرایەتی دەکات.
بەپێی ئەنجامی فەرمی بەرایی، دابەشکردنی پەرلەمانتاران لە پەرلەمان بەو شێوەیەیە:
پارتی سۆسیال دیموکرات ٢٠٦، پارتەکانی یەکێتیی مەسیحیی ١٩٦، پارتی سەوز ١١٨، پارتی دیموکراتی ئازاد ٩٢، پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا ٨٣ و پارتی چەپ ٣٩ کورسی.
یەکێتیی باشوور بۆ دەنگدەرانی شلزڤیک (SSW) کە لەلایەن کەمینەی دانمارکییەوە دامەزراوە و بە رێکخستنێکی تایبەت لە بەربەستی پەرلەمانی بەخشراوە، بە یەک پەرلەمانتار لە پەرلەماندا دەبێت.