Sinan Doğan
20 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2024
بۆگۆتا - AA
وەزیری دەرەوەی کۆڵۆمبیا، لویس جیلبێرتۆ موریلۆ ئاماژەی بەوە کرد ٥٠ منداڵی غەززەیی کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا برینداربوون دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتەکەی بەمەبەستی چارەسەر.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە بۆگۆتا-ی پایتەخت، موریلۆ باسی لەوە کرد ئەو ٥٠ منداڵە غەززەییەی دەهێندرێن لە نەخۆشخانەی سەربازیی چارەسەریان بۆ دەکرێت.
موریلۆ ئاماژەی بەوە کرد کە منداڵەکان لە ڕێگەی میسرەوە دەگوازرێنەوە و گوتی:"ئامانج گواستنەوەی ٣٥ بۆ ٥٠ منداڵە بۆ کۆڵۆمبیا کە لە هێرشەکانی سەر غەززەدا برینداربوون یان کەمئەندامبوون. دەمانەوێت لەگەڵ هاوکارانیاندا بۆ ماوەی شەش مانگ لێرە لەخۆمانیان بگرین. پاشان دەگەڕێنەوە بۆ میسر".
هەروەها موریلۆ باسی لەوە کرد کە پشتیوانی پێویستیان لە وەزیرانی دەرەوەی میسر و ئوردنەوە سەبارەت بە بابەتەکە وەرگرتووە و، ڕایگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ هاوکاربوون لە چاکبوونەوەیان. هێشتا ناتوانم بڵێم چ ڕۆژێک دەگەن، بەڵام پێشوەچوونی باشمان بەدەستهێناوە. سەرکۆمار گوستاڤۆ پێترۆ ڕێنمایی پێویستی داوە".