Muhammet Ali Kemal
02 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2016
بۆگۆتا-AA
دوای واژووکردنی رێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان هێزە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا و حکوومەتی ئەو وڵاتە کە بووە مایەی کۆتاییهێنان بە 52 ساڵ شەڕ و پێکدادان، لەئێستادا رێککەوتننامەکە دەخرێتە ریفراندۆمەوە بۆ ئەوەی لەلایەن گەلەوە دەنگی لەسەر بدرێت.
گەلی کۆڵۆمبیا ئەمڕۆ لە ریفراندۆمێکدا دەنگ لەسەر ئەو رێککەوتننامەیە دەدات کە لەناوەڕاستی هەفتەی رابردوودا لە شاری کارتاجینا واژوورکرا و کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانی نێوان چەکدارانی رێکخراوی مارکسی-لینینی هێزە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا ناسراو بە فارک (FARC) و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە هێنا کە لەساڵی 1964ەوە بەردەوامە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 250 کەس و ئاوارەبوونی شەش ملیۆن کەس.
لە کاتێکدا زۆرینەی راپرسییەکان ئاماژە بەوەدەکەن چاوەڕواندەکرێت بژاردەی ''بەڵێ بۆ ئاشتی'' لە ریفراندۆمەکەدا زۆرینەی دەنگی دەنگدەران بباتەوە. بەڵام ژمارەیەک لەو راپرسییانەی لە شارەکانی بۆگۆتا، مێدێلین و کالی ئەنجامدراون کە ژمارەی دانیشتوانیان بەرزە و هەروەها لەو ناوچانەی دەرەوەی شارەکان کە زۆرێکیان قوربانیی دەستی رێکخراوی فارکن، ئەگەرچی بەڕێژەیەکی کەمیش بێت، چاوەڕوان دەکرێت دەنگی ''بەڵێ بۆ ئاشتی'' لەئاستێکی بەرزدا نەبێت.
ئەو هەڵمەتانەی بەتایبەت لە شارە گەورەکانی وەک بۆگۆتای پایتەخت ئەنجامدران بەمەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی ''بەڵێ بۆ ئاشتی''، تا رۆژی ریفراندۆمەکە بەردەوام بوون. ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سیاسەتمەداران و هاووڵاتییان رژانە سەرشەقامەکان و داوایان لە هاووڵاتییان کرد لەبەرژەوەندی رێککەوتننامەکە دەنگ بدەن.
- هونەرمەندێکی بەناوبانگ پشتگیریی لە رێککەوتننامەکە دەکات
ژمارەیەک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی کۆڵۆمبیا پشتیوانیی خۆیان بۆ رێککەوتننامەی ئاشتیی راگەیاند و یەکێک لەوانە هونەرمەندی میللی ناسرواوی ئەو وڵاتە یۆرگ ڤێلۆسایە.
ڤێلۆسا کە خاوەنی ژمارەیەک گۆرانی کلیپە و تێیدا پەیامی ئاشتی دەگەیەنێت، گۆرانییەکانی لە کەناڵەکانی کۆڵۆمبیادا بەردەوام بڵاودەکرێنەوە، لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد ئامانجی ئەوەیە لەرێگەی ئەو گۆرانییانەوە کە دەیانڵێت و ئەو کۆنسێرتانەوە کە سازیان دەکات، پەیامی ئاشتی بگەیەنێت و لەئێستاشدا هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی رێککەوتننامەکە لە ریفراندۆمدا دەنگی ''بەڵێ'' بەدەستبهێنێت.
یۆرگ ڤێلۆسا رایگەیاند: ''ئەنجامی ریفراندۆمەکە هەرچییەک بێت، پێویستە ئێمە پێکەوە بەئاشتیی بژین''.
ئەو هونەرمەندە جەختی لەوەکردەوە ریفراندۆم لەسەر رێککەوتننامەی ئاشتی یەکێکە لە گرنگترین رووداوەکانی مێژووی کۆڵۆمبیا و گوتی:
''لەگەڵ واژووکردنی رێککەوتننامەی ئاشتی لە کارتاجینا، داهاتوویەکی نوێ چاوەڕێی گەلانی کۆڵۆمبیایە. لەگەلەکەم دەپارێمەوە با باوەش بۆ ئەم رێککەوتننامەیە بکەنەوە. بەتایبەت دانیشتوانی گوندەکان کە زۆرترین قوربانییان بەهۆی توندوتیژییەکانەوە داوە. ئەم رێککەوتننامەیە گرەنتی داهاتوویەکی پرشنگدارە''.