Mahmut Geldi
09 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2020
بەیروت - AA
دوای ئەو تەقینەوە بەهێزەی لە بەندەری بەیروت رووی دا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٥٨ کەس و برینداربوونی زیاتر لە شەش هەزار کەس، وەزیری راگەیاندنی لوبنان، مەنال عەبدولسەمەد دەستی لەکارکێشایەوە.
لە لێدوانێکیدا تەلەڤیزیۆنیدا، مەنال عەبدولسەمەد رایگەیاند ''داوای لێبوردن لە لوبنانییەکان دەکەم کە نەمانتوانی چاوەڕوانییەکانیان دەستەبەر بکەین. لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕانکاری ناکرێت. لەبەرئەوەی دوای کارەساتەکەی بەندەری بەیروت رەوشێک نەماوە تیایدا چاوەڕوانییەکانی گەل دەستەبەر بکرێت دەست لە پۆستەکەم دەکێشمەوە''.
هاوکات ئاژانسی فەرمی هەواڵیی لوبنان NNA بڵاوی کردەوە، ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، نیعمە ئەفرام سەربە پارتی رەوتی نیشتمانی ئازاد وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو تەقینەوە توندەی بەیروتی هەژاند، دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
بەوەیش ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە لە دوای تەقینەوەکە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە بەرزبووەوە بۆ پێنج پەرلەمانتار.
سەرۆکی گشتیی کەتائیبی مەسیحی، سامی جەمەیل لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت سێ پەرلەمانتاریان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
هەروەها پەرلەمانتاری سەربەخۆی لوبنان، پاولا یەعقوبیان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، ئاماژەی بەوە کرد کە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر تەقینەوەکە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە و داوایشی لە سەرجەم پەرلەمانتاران کرد بەکۆمەڵ دەستلەکار بکێشنەوە.
لە چواری ئابدا لە بەندەری بەیروت سەرەتا ئاگر لە کۆگای ژمارە ١٢ی بەندەرەکە کەوتەوە کە ماددەی تەقینەوەی تیادا هەڵگیرابوو، پاشان تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز رووی دا کە هەموو بەیروتی هەژاند.
لە تەقینەوەکەدا، ١٥٨ کەس گیانیان لەدەست دا و نزیکەی شەش هەزار کەس برینداربوون.
سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون باسی لەوە کردبوو کە تەقینەوەکە بەهۆی دوو هەزار و ٧٥٠ تۆن نیتراتی ئامۆنیۆمەوە روویداوە کە شەش ساڵە لە کۆگایەکی بەندرەری بەیروتدا هەڵگیراوە.
دوای ئەو لێدوانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها لە راگەیاندنی لوبنان و جیهاندا پرسیارێکی زۆر وروژێنرا و بانگەشەی کەمتەرخەمی بووە رۆژەڤ.
ئەوەی بووە جێی پرسیار کە هۆکارچییە، شەش ساڵە دوو هەزار و ٧٥٠ تۆن نیتراتی ئامۆنیۆم لە بەندەرەکە هەڵگیراوە.