سياسەت, جيهان

لوبنان.. مشتومڕەكان سەبارەت بە بانگەوازەكان بۆ لێكۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیی لە تەقینەوەكەی بەیروت

تا دێت لە لوبنان، زیاتر داوا دەكرێت لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی لە تەقینەوەكەی بەندەری شاری بەیروت بكرێت، بەڵام لە بەرامبەردا داوا دەكرێت لایەنێکی ناوخۆ لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەدا بكات.

Muhammed Semiz  | 09.08.2020 - نوێکردنەوە : 13.08.2020
لوبنان.. مشتومڕەكان سەبارەت بە بانگەوازەكان بۆ لێكۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیی لە تەقینەوەكەی بەیروت

Lebanon

بەیروت ــ AA

تا دێت لە لوبنان، زیاتر داوا دەكرێت لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت بكرێت كە بەهۆیەوە تا ئێستا سەدان كەس كوژران و بێ سەروشوێن بوون و بەهەزاران كەسی دیكەیش برینداربوون، بەڵام لە بەرامبەردا داوا دەكرێت دادوەریی خۆجێی لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەدا بكات.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو موفتی لوبنان، شێخ عەبدوللـەتیف دریان و سەرۆكی پارتی هێزەكانی لوبنان، سەمیر جەعجەع و سەرۆك حكوومەتەکانی پێشوو، سەعد حەریری، نەجیب میقاتی، تەمام سەلام و فوئاد سەنیورە و سەرۆكی پارتی پێشكەوتنی سۆشیالیستیی لوبنان، وەلید جونبڵات داوایان كرد لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت بكرێت.

پێشتر سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن لە میانی سەردانەكەی بۆ لوبنان، داوای كردبوو كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی لێكۆڵینەویەكی كراوە و شەفاف لە تەقینەوەكەی بەیروت بكرێت.

ــ متمانەمان بە تواناکانی حكوومەت نییە

لەمبارەیەوە ئەندام لە پارتی پێشكەوتنی سۆشیالیستیی، فەیسەڵ سائیغ رایگەیاند كە سبەی دووشەممە داوا لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لوبنان، نەبیهـ بری دەكات تا سەرۆكوەزیران بانگهێشت بكات بۆ ئەوەی سەبارەت بە چەند خاڵێك كە لە لێكۆڵینەوەدا بەدەست هاتوون، لێپرسینەوەی لێ بكرێت و گوتی:

"داوامانكردووە كە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت بكات، چونكە ئێمە متمانەمان بەوە نییە كە حكوومەت بتوانێت لەوبارەوە بگات بە ئەنجامێك".

گوتیشی:"لە كاتێكدا كە گەلی لوبنان زیانێكی زۆری گیانی داوە، لەئێستادا ترسی ئەوەمان هەیە پرسەكە فەرامۆش بكرێت، بۆیە ناتوانین دۆسێەی لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكە كە بەهۆی كەمتەرخەمییەوە روویداوە، رادەستی حكوومەت بكەین".

رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری شاری بەیروت رووی دا كە بەهۆیەوە تا ئێستا بەپێی دوایین ئامار ١٥٨ كەس كوژراون و شەش هەزاری دیكەیش برینداربوون، هەروەها تەقینەوەكە زیانێكی زۆری ماددیشی لێكەوتەوە.

بەپێی ئەنجامی بەرایی لێكۆڵینەوەكان، سەرەتا ئاگر لە كۆگای ژمارە ١٢ی بەندەرەكە كەوتووەتەوە كە دوو هەزار و ٧٥٠ تۆن ماددەی نیتراتی ئامۆنیۆمی لە ساڵی ٢٠١٤وە تیادا هەڵگیرابوو، پاشان تەقینەوەیەكی زۆر بەهێز رووی دا كە هەموو بەیروتی هەژاند.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو حكوومەتی لوبنان لە كۆبوونەوەیەكی نائاساییدا بڕیار دا سەرجەم ئەو بەرپرسانەی كە لە بەندەری بەیروت خزمەتیان کردووە لە ماڵەكانی خۆیاندا دەستبەسەر بكرێن تا ئەو كاتەی لێكۆڵینەوەكان تەواو دەبن.

لە بەرامبەردا سوپای لوبنان، پۆلیسی سەربازیی راسپار كە لەژێر سەرپەرشتیی لایەنی دادوەرییدا، لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت بكات.

ــ ئاراستەیەكی سیاسیی

لەمبارەیەوە وەزیری ناوخۆی پێشووی لوبنان، مەروان شربل رایگەیاند کە ئاراستەیەكی سیاسیی لە پشت بانگەوازەكانەوە هەیە بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی.

مەروان شربل لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە لوبنان هەمیشە ململانێی سیاسیی روویداوە، بەتایبەتیش دوای ئەو حكوومەتەی كە بە سەرۆكایەتی حەسسان دیاب پێكهێنرا".

سەبارەت بە تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت، وەزیری ناوخۆی پێشووی لوبنان، مەروان شربل گوتی: "بێ گومان تەقینەوەكە لە ئەنجامی كەمتەرخەمی روویداوە و لەئێستادا لێكۆڵینەوە بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەسەی كە كەمتەرخەمی كردووە و هۆكاربووە لە تەقینەوەكە، دەستی پێ كراوە".

ــ بۆ گێرانەوەی متمانەی گەل گرنگە لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەی بەیروت بكات.

لەمبارەیەوە ئەندامی فراكسیۆنی رەوتی موستەقبەل لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی لوبنان، محەمەد حەجار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گەل متمانەی نییە بە تواناکانی حكوومەت و دەسەڵاتی دادوەریی لوبنان بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت ".

گوتیشی:"ئەگەر نیازی هەبێت (حكوومەت) بۆ گێرانەوەی متمانەی گەل، ئەوا دەبێت بۆ لێكۆڵینەوە پەنا بۆ لیژنەیەکی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی ببرێت بۆ ئەوەی راستی رووداوەكە بۆ هەمووان ئاشكرا ببێت".

ــ واژووكردنی پێشنیازێك

لای خۆیەوە ئەندامی فراكسیۆنی هێزەكانی لوبنانی، عیماد واكیم رایگەیاندووە كە سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت لیژنەیەكی نێودەوڵەتیی لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت بكات و بۆ ئەو مەبەستەیش پێشنیازێكیان واژووكردووە کە بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرزی دەكەنەوە.

عیماد واكیم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو كەسەی كە رێگەی داوە ئەو جۆرە ماددەیە لە بەندەرەكە دابندرێت بەرپرسە لە تەقینەوەكە".

ــ بزووتنەوەی ئەمەل پاڵپشتی لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەی بەیروت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی ناكات

لای خۆیەوە ئەندام لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئەمەل لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی لوبنان، محەمەد نەسروڵڵا گوتی: "ئێمە پاڵپشتی لەوە ناكەن بۆ چارەسەركردنی پرسە تایبەتییەكانی ناوخۆی لوبنان پەنا بۆ دەرەوە ببرێت".

محەمەد نەسروڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر هەمووان لەسەر بەڕێوەبردنی كاروباری وڵاتەكەمان رێك نەكەوین و پەرۆشی وڵاتەكەی خۆمان نەبیت، چۆن وڵاتانی دەرەوە پەرۆشی وڵاتەكەمان دەبن".

گوتیشی: "متمانەمان بە دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەكانی لوبنان هەیە کە دەتوانن لێكۆڵینەوەیەكی باش و ورد لە تەقینەوەكەدا بكەن".

پێشتر جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لوبنان، ئیلی فەرزەلی رایگەیاندبوو كە داواكردن بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیی لە تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت، بە واتای هەڵوەشاندنەوەی لوبنان دێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın