Atila Altuntaş
14 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2022
ستۆکهۆڵم-AA
وەزیری دەرەوەی سوید، ئان لیندێ رایگەیاند: "هیوادارین بەر لە هاتنی ٢٠٢٣ سوید لەگەڵ فینلاند لە هەمان کاتدا ببن بە ئەندام لە ناتۆدا".
لەبارەی پرۆسەی بەئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ، ئان لیندێ بە ئاژانسی هەواڵی سوید (TT)ی راگەیاند، کۆبوونەوەکان لە نێوان تورکیا و سوید بەردەوامن و گوتی: "پێویستە حکوومەتی تورکیا داواکاری ئێمە بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ پێشکەشی پەرلەمانی وڵاتهكهیان بکات. ئەوان دەیانەوێت ئەنجامی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی سێقۆڵی ببینن کە لە مەدرید واژوومان کرد و دەڵێن کێشەی سەرەکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە و ئێمەیش کار لەسەر ئەوە دەکەین. تورکیا داوا دەکات کەسانێک رادەست بکەینەوە، ئێمەیش بە رەچاوکردنی بەڵێننامەی ئەورووپا تاوتوێی ئەم بابەتە دەکەین".
ئان لیندێ ئاماژەی بەوە دا کە ئەگەری هەیە تورکیا دەنگدان لەسەر ئەندامێتی سوید لە ناتۆ بۆ هاوینی داهاتوو درێژ بکاتەوە، گوتی: "بۆیە دڵنیاییدانی ئەمنی لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا، وڵاتانی ئیسكهندیناڤیا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە زۆر زۆر گرنگە".
وەزیری دەرەوەی سوید هیوایشی خواست بەر لە هاتنی ٢٠٢٣ سوید لەگەڵ فینلاند لە هەمان کاتدا ببن بە ئەندام لە ناتۆ.