Muhammed Ali Kamal
23 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2021
ههولێر-AA
وەزیری دەرەوەی سوید، ئان لیندە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان.
ئان لیندە کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە هاوتا عێراقییەکەی، فوئاد حوسێن، بەجیا لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کۆبووەوە.
وەزیری دەرەوەی سوید دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، بەیاوەری بەرپرسانی باڵای باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا، بە سەردانێکی گەیشتە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان.
ئان لیندە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و جێگری پارێزگاری هەولێر، هێمن قادر و جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دابان شەدەڵە و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید، شۆڕش قادر پێشوازیی لێکرا.
بریارە وەزیری دەرەوەی سوید لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.