Ömer Tuğrul Çam,Ata Ufuk Şeker
21 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2021
برۆکسل - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند: ''گرنگە کەشێکی پۆزەتیڤ لە پەیوەندییەکانی تورکیا-یەکێتیی ئەورووپا دروست بکرێت. پێویست بە هەنگاوی بەرجەستە هەیە بۆ ئەوەی ئەوە جێگیربێت''.
پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا، جۆسيپ بۆرێل، چاوشئۆغڵو روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
چاوشئۆغڵو باسی لەوە کرد کە ئەمڕۆ و سبەی لە برۆکسل دیدار و کۆبوونەوەی زۆر چڕ ئەنجام دەدات، ئەوەشی خستەڕوو کە ٢٠٢٠ ساڵێکی کێشەداربوو لە پەیوەندییەکانی تورکیا-یەکێتیی ئەورووپا و، گوتی: ''دوای راگەیاندنی هاوبەشی لووتکەکەی کانوونی یەکەم، ئیرادەیەکی سیاسیی لە هەردوولاوە دەرکەوت بۆ دروستکردنی کەشێکی پۆزەتیڤتر. هەروەها روونکردنەوەی ئەرێنی بەرامبەری هەبوو لەڕووی پێشخستنی تەندروستتری پەیوەندییەکان. توانای دیالۆگێکی باشترمان رەخساند''.
چاوەشئۆغڵو ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە سەرکۆماری وڵاتەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان بانگهێشتی هەریەک لە سەرۆکی کۆنسەی یەکێتیی ئەورووپا، جارلێس میشێل و سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتییەکە، ئورسلا ڤۆن دێر لاین کردووە بۆ تورکیا، ئەوەشی خستەڕوو کە لەگەڵ بۆرێلدا ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەو سەردانانە.
گوتیشی: ''گرنگە کەشێکی پۆزەتیڤ لە پەیوەندییەکانی تورکیا-یەکێتیی ئەورووپا دروست بکرێت. پێویست بە هەنگاوی بەرجەستە هەیە بۆ ئەوەی ئەوە جێگیربێت''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا چاوشئۆغڵو، باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکانیاندا لە برۆکسل چاوەڕوانییەکانی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا بە موخاتەبەکانیان دەگەیەنن و، گوێ لە یەکێتی ئەورووپاش دەگرن لە چاوەڕوانییەکانیان لە تورکیا.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانی تورکیا-یەکێتیی ئەورووپا تەنیا بۆ هەردوولا گرنگ نییە و، گوتی: "کێشەی جددی هەیە کە لە ناوچەکەماندا درێژەی هەیە. لەرووی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەوانەش هاریکاری نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا گرنگە".