Zana Natık Kerem
25 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2023
ھەولێر – AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان رەوشی مەترسیدار و ئاڵۆزی سوودان-یان تاوتوێ کرد.
فوئاد حوسێن لە تویتێکدا نووسیوویەتی "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان رەوشی مەترسیدار و ئاڵۆزی سوودان-مان تاوتوێ کرد".
راشیگەیاندووە کە سوپاسی ھەوڵەکانی حکوومەتی سعوودیە کردووە لەبەرامبەر گواستنەوەی ژمارەیەک ھاووڵاتیی عێراقی لە سوودان.
دوای خراپبوونی رەوشی سوودان بەھۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان ھێزکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سوودان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەھەماھەنگی لەگەڵ ژمارەیەک وڵات، دەستی کردووە بە گواستنەوەی ھاووڵاتییانی لەو وڵاتە.
رۆژی ١٥ی نیسان لە خەرتووم پایتەختی سوودان و ژمارەیەک شاری دیکە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریھەڵدا کە تا ئستا بەردەوامە.
ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا لەبارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تیایدا پێشنیاز کرابوو ھێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی لە شەڕ و پێکدادانەکاندا، ٤١٣ کەس کوژراون و سێ ھەزار و ٥٥١ی دیکەش برینداربوون.