Tuğba Altun
20 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2023
ئەنقەرە – AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نیگەرانی خۆی لە دەستبەسەرکردنی سەرۆکی بزووتنەوەی نەهزە و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی گەل لە تونس راشد غەنوشی دەربڕی.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بەم جۆرە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سیاسەتمەدارانەی نوێنەرایەتی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەکەن، خزمەت بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ناکات لە تونس.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نیگەرانی خۆی لە دەستبەسەرکردنی راشد غەنوشی دەربڕیووە و نووسیوویەتی: "لەو باوەڕەداین قۆناغی راگوزەری دیموکراتی لە تونس لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەکی گشتگیر و بەرفراوان کە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەخۆ بگرێت سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت. تورکیا وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە رۆڵگێران بۆ هێنانەدی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ تونسی دۆست و برا".
سەرۆکی بزووتنەوەی نەهزە لە تونس، راشد غەنوشی دوای ٤٨ کاتژمێر لە دەستگیرکردنی دەستبەسەر کرا.
دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی ١٧ی نیسان هێزە ئەمنییەکان هەڵیان کوتایە سەر ماڵی غەنوشی و دەستگیریان کرد، دوای ٤٨ کاتژمێر لە لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لە داواکاری گشتی، ئێوارەی دوێنێ رەوانەی دادگای بەرایی تونس کرا و دادگایش بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرد.