Gökhan Yılmaz
20 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2023
ئیستانبوڵ - AA
دامەزرێنەری بۆرسەی دراوی ئەلیکترۆنی تۆدێکس، فاروق فاتیح ئۆزەر کە ئەلبانیا بڕیاری دابوو رادەستی تورکیای بکاتەوە، بە فڕۆکە گەڕێندرایەوە ئیستانبوڵ.
ئەو فڕۆکەیەی ئۆزەری هەڵگرتبوو کە لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی دوراچ لە ئەلبانیا بڕیاری رادەستکردنەوەی بە تورکیا درابوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە تیرانا پایتەختی ئەلبانیاوە هەڵفڕی.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی ئاسایشی فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ ئۆزەر-یان لە فڕۆکەکەوە وەرگرت کە کاتژمێر ١٠:١٥ لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ نیشتەوە.
ئۆزەر کە گواستراوەتەوە بۆ بنکەی پۆلیس، چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی و راییکردنی کارەکانی ببرێتە کەمپی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستانبوڵ لە شەقامی ڤاتان.
- پرۆسەی دەستگیرکردن و رادەستکردنەوەی
ئۆزەر کە ناوی لە لیستی سووری داواکراواندابوو لە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٢ لە ئەلبانیا دەستگیر کرا.
بڕیاری دادگای ئەلباسان لە ئەلبانیا سەبارەت بە درێژەدان بە دەستبەسەرکردنی ئۆزەر لەلایەن پارێزەرانی ئۆزەرەوە لە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ تانەی لێدرا.
دادگای تێهەڵچوونەوەی دوراچ لە ٢٠ی ئەیلوولدا بڕیاری دەستبەسەرکردنی ئۆزەری بەگونجاو زانی.
لە دانیشتنی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، دادگای ئەلباسان رایگەیاند کە داواکاریی داواکاری گشتیی ئەلباسانی "سەبارەت بە رێگەدان بە رادەستکردنەوەی ئۆزەر بە تورکیا" قبوڵکراوە و ئۆزەر لە حەوتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا تانەی لەم بڕیارە دا.
دادگای تێهەڵچوونەوەی دوراچ لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە دانیشتنێکدا، بڕیارەکەی سەبارەت بە رادەستکردنەوەی ئۆزەر بە تورکیا بە گونجاو زانی.