Emel Öz Gözellik,Hemın Othman Mohammed
18 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2018
ئه‌نقه‌ره - AA
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی ئه‌مریكی نووسیوێتی كه جێنشینی سعوودیه، شازادە محه‌مه‌د بن سه‌لمان بۆ رزگاربوون له لێپرسینه‌وه له‌باره‌ی كوشتنی رۆژنامه‌نووس جه‌مال خاشقجی بێ رووییانه په‌نای بۆ درۆكردن بردووه و حكوومه‌ته‌كه‌ی تره‌مپ-یش له‌وه‌دا یارمه‌تیداوه.
له‌ژێر ناوی "تره‌مپ به‌رگری له درۆكانی محه‌مه‌د بن سه‌لمان ده‌كات. ده‌بێت كۆنگرێس پێداگربێت له‌سه‌ر راستییه‌كان" رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه.
له بابه‌ته‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كه رۆژی پێنجشه‌ممه داواكارێكی گشتیی سعوودیە له شاری ریاز روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و راستییانه‌یه كه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هه‌یه و تیایدا شازاده‌ی جێ‌نشین له هه‌موو تۆمه‌ته‌كان به‌خشراوه و سه‌رۆكی ئه‌مریكا كه به‌ڵێنیدابوو بچێته بنج و بناوانی ئه‌و دۆسیه‌یه له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه ره‌تبكاته‌وه كه په‌رده‌پۆشی دۆسیه‌كه ده‌كات، په‌سه‌ندی كرد.
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه وه‌زاره‌تی گەنجینەی ئه‌مریكا سزای به‌سه‌ر 17 گومانلێكراوی سعوودیدا سه‌پاندووه كه له كوشتنی خاشقجی تێوه‌گلاون، به‌ڵام چاوی له محه‌مه‌د بن سه‌لمان و به‌رپرسانی باڵای هه‌واڵگری پۆشیوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری ناوه‌ندی ئه‌مریكا (FBI) گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی جێنشینی سعوودیه، شازادە محه‌مه‌د بن سه‌لمان فه‌رمانی كوشتنی خاشقجی داوه، به‌ڵام تره‌مپ پشتیوانی له‌و سه‌ركرده سعوودیه ده‌كات.
رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته‌ڕوو كه به‌رپرسانی هه‌واڵگری ئه‌مریكا تره‌مپ-یان ئاگاداركردووه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به‌و به‌ڵگانه‌ی ده‌ستیان كه‌وتووه له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجامه‌ی پێیگه‌یشتوون له تۆمار ده‌نگی نێوانیان و گفتوگۆی ته‌له‌فۆنی نێوان سه‌ركرده‌ی ئه‌و تیمه‌ی تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه له‌گه‌ڵ باڵیۆزی سعوودیه له واشنتۆن، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی كه ره‌نگه كۆشكی سپی دان به‌وه‌دا بنێت كه بڕیاری بینینی شازاده 33 ساڵه‌كه به هاوپه‌یمانێكی ستراتیجی هه‌ڵه‌یه، تره‌مپ قبووڵی ناكات لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ بن سه‌لمان بكرێت.
هاوكات له نووسینه‌كه‌دا به پێویست زانراوه كۆنگرێسی ئه‌مریكا هه‌ڵوێست وه‌رگرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر راستی بنیاتبنرێت نه‌وه‌ك درۆ.
رۆژنامه‌كه باسی له‌وه‌یش كردووه كه سێ سیناتۆری سەربە پارتی كۆماری و سێ سیناتۆری سەربە پارتی دیموكرات ئاماژه‌یان به‌وه كردووه پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئه‌مریكا له میانی 30 رۆژدا سزا به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا بسه‌پێنێت له حكوومه‌تی سعوودیه یان خانه‌واده‌ی شاهانه كه له كوشتنی خاشقجی تێوه‌گلاون. له‌و پرۆژه‌یه‌شدا راگرتنی فرۆشتنی چه‌ك له لایه‌ن ئه‌مریكاوه به سعوودیه ده‌خرێته‌ڕوو.
له كۆتایی بابه‌ته‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كه ئه‌گه‌ر كۆشكی سپی به‌رده‌وام بێت له هاوكاریكردنی شازاده‌ی جێ‌نشین له درۆكردن، ئه‌وا پێویسته كۆنگرێس پێداگرانه هه‌ڵویست وه‌رگرێت.