جيهان

سلێمانی.. سازدانی یەكەم دیداری هاتوچۆ

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 18.11.2018 - نوێکردنەوە : 19.11.2018
سلێمانی.. سازدانی یەكەم دیداری هاتوچۆ

As Sulaymaniyah

سلێمانی – AA

ئەمڕۆ لە رۆژی جیهانی قوربانیانی هاتوچۆدا، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەژێر دروشمی (بەرەو گەشەپێدانی سیستەمی هاتوچۆ) یەكەم دیداری هاتوچۆی بە بەشداری ژمارەیەك لە پسپۆڕان و كەسانی پەیوەندیدار بەو بوارە رێكخست.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، كاروان محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رێكخستنی ئەم دیدارە لە رۆژی جیهانی هاتوچۆ و لە رۆژی كۆتایی هەڵمەتێكی یەك مانگەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆیە بۆ هۆشیاركردنەوەی هەموولایەك لە رووداوەكان و سەرپێچییەكانی هاتوچۆ و رووداوەكان، لەم دیدارەشدا پانێڵێك و دیدرێك ئامادە كراوە و لە كۆتایدا كۆمەڵێك راسپاردە بۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەرز دەكرێتەوە لە پێناو دیاریكردن و كەمكردنەوەی رێژەی قوربانییەكانی هاتوچۆ".

كاروان محەمەد گوتی: "لە هەرێمی كوردستان ساڵانە زیاتر لە هەزار كەس بە هۆی رووداوەكانی هاتوچۆ دەبنە قوربانی و دە هەزار كەسی تریش بریندار دەبن، لەو رێژەیەش تەنها لە ساڵی 2017 لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی 218 كەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە كە بەشێكیان منداڵ بوون".

لە دیدارەكەدا گوتار و پانێڵ و بابەتی تایبەت بەم رۆژە و چەند چالاكییەكی تری تایبەت بەو یادە پێشكەش كران.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، بەختیار محەمەد لە گوتەیەكدا بۆ بەشداربووانی دیدارەكە گوتی: "لە ماوەی رابردوودا و بە هۆی قەیرانی دارایی و هاتنی شەڕی داعشەوە نەتوانراوە پڕۆژەی ستراتیجی گەورە لە بواری هاتوچۆ ئەنجام بدرێت و خزمەتی رێگاو بانەكان لە ئاست پێویست نەبووە، ئەوەش نیگەرانی دروستكردووە".

ئەو ئاماژەی كرد بەوەی، خراپی رێگاوبانەكان و بەرزبوونەوەی ئامار و رووداوەكان تەنها بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ لێی بەرپرسیار نین و پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان كاربكەن بۆ دۆوینەوەی رێگا چارەیەك بۆ ئەو كێشانە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رۆژی 18ی مانگی رابردوو هەڵمەتی هۆشیاری هاتوچۆی سلێمانی لەژێر دروشمی (ئامانجمان سزادانتان نییە، پەرۆشی سەلامەتیتانین) راگەیاند، كاروچالاكییەكانی هەڵمەتەكە لەو مانگەدا كە ئەمڕۆ بە كۆتاهات چەندین چالاكی و سیمینار بۆ چین و توێژە جیاجیاكان و رێكخستنی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە لایەن منداڵانەوە لەخۆگرتبوو بۆ تیشكخستنە سەر گرنگی هەڵمەتەكە و هۆشیاركردنەوەی شۆفێران‌ و پابەندبوونیان بەیاسا‌ و رێنماییەكانی هاتوچۆ و كەمكردنەوەی رووداوەكان و ژمارەی قوربانیان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın