Muhammet Ali Kemal
24 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2017
پاریس- AA
سەرۆکی بزووتنەوەی ئێن مارش (رێپێوان)، ئیمانوێل ماکرۆن کە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە فەڕەنسا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، بەڵێنی ئەوەیدا ئەگەر هات و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری بردەوە، چاکسازیی لە سیستمەدا بکات کە بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکاندا.
ئیمانوێل ماکرۆن کە پلەی یەکەمی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسادا بەدەستهێنا لە پاریس گوتارێکی پێشکەشی دەنگدەرانی کرد و رایگەیاند:
''ئەگەر بێت و دوای دوو هەفتە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوم، ئەوا ریفۆرم لەو سیستمەدا ئەنجام دەدەم کە بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکاندا''.
ماکرۆن گوتیشی: ''کاتی ئەوە هاتووە لە کایەی سیاسییدا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەینەوە. کاری زۆر هەن کە پێویستە ئەنجامی بدەین، بەو پشتیوانییەی کە ئێوە لە منی دەکەن، من ئامادەی وەرگرتنی ئەو ئەرکەم''.
ئیمانوێل ماکرۆن باسی لەوەشکرد یەکەمجارە لە فەڕەنسا، کاندیدی هەریەک لە راستڕەو و چەپڕەوە ناوەندەکان لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا بچنە دەرەوە و جەختی لەوەکردەوە دەنگدەری فەڕەنسی لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕانکارییەکی گەورەی ئەنجامداوە و ئەوەی نیشانداوە کە گۆڕانی ریشەیی دەوێت لە وڵاتدا.
گوتیشی: ''لەماوەی ساڵێکدا دیمەنی ژیانی سیاسی فەڕەنسیمان گۆڕی''.
ماکرۆن تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەگەر بێت و هەڵبژاردنەکان بباتەوە ئەوا دەبێتە سەرکۆماری هەموو فەڕەنسییەکان و رایگەیاند ''یەکخستنی هەموو فەڕەنسییەکان دەبێتە گەورەترین ئەرکی من''.
پەیامی ئەوەشی بڵاوکردەوە کە کاری لە پێشینەی بریتی دەبێت لە دووبارە بنیاتنانەوەی فەڕەنسا و یەکێتیی ئەورووپا بە شێوەیەکی بەهێز.
ماکرۆن سوپاسی هەریەک لە کاندیدی کۆمارییەکان، فرانسوا فیلۆن و کاندیدی سۆشیالیستەکان، بێنۆیت هامۆنی کرد کە لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردەکان، بەڵێنی پشتیوانییکردنیان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا لە ناوبراو داوە.
هاوکات ئەوەش راگەیەنرا کە سەرکۆماری فەڕەنسا، فرانسوا ئۆلاند دوای راگەیاندنی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، پەیوەندیی بە ماکرۆنەوە کردووە و پیرۆزبایی لێکردووە.
لای خۆیشییەوە گوتەبێژی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، یان کلاود یەنکەر، ئاشكرای کرد یەنکەر بەهۆی سەرکەوتنی ماکرۆن لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا پیرۆزبایی لە ناوبراو کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە خولی دووەمدا بۆ خواستووە.
بڕیارە رۆژی ٧ی ئایاری داهاتوو هەریەک لە ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕەوی توندئاژۆ، مارین لو پێن لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا رکابەریی یەکتر بکەن.