Muhammet Ali Kemal
26 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2016
سەرکۆماری فەڕەنسا، فرانسوا ئۆلاند لەدوای بڕیاری جێهێشتنی یەکێتیی ئەورووپا لەلایەن بەریتانیاوە، لەگەڵ سەرکردەی پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کۆبوویەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا کە لە کۆشکی ئێلیزێ بەڕێوەچوون، هەریەک لە سەرۆکی گشتیی پارتی سۆشیالیستی دەسەڵاتدار، یان کریستۆف کامبادێڵیس، سەرۆکی گشتیی پارتی کۆماری و سەرکۆماری پێشوو، نیکۆلا سارکۆزی، سەرکردەی بەرەی نیشتمانیی راستڕەوی توندڕەو، مارین لێ پێن، سەکردەی پارتی چەپ یان لوک مێلانکۆن، بەشدارییان کرد.
ئۆلاند بە جیا لەگەڵ سەرکردەکان کۆبوویەوە و بیروبۆچوونی سەبارەت بە بڕیاری جێهێشتنی یەکێتیی ئەورووپا لەلایەن بەریتانیاوە، ئاڵوگۆڕ کرد.
لێ پێن لەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند، لە باخچەی کۆشکی ئێلیزێدا لێدوانێکی کورتی رۆژنامەوانیی دا.
مارین لێ پێن سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، رایگەیاند ئەگەر بێت و وەک سەرکۆمار هەڵببژێردرێت، ئەوا لەماوەی شەش مانگدا ریفراندۆمێکی هاوشێوەی ئەوەی بەریتانیا سازدەکات.
سەرکردەی بەرەی نیشتمانیی راستڕەوی توندڕەو گوتی: ''ئەگەر وەک سەرکۆمار هەڵبژێردرێم، لەماوەی شەش مانگدا منیش ریفراندۆم سازدەکەم''. جەختی لەوەیشکردەوە کە دەستبەجێ لەدوای ئەنجامەکانی ریفراندۆمەکەی رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، لەئێستادا سەرەی فەڕەنسایە لە یەکێتیی ئەورووپا جیابێتەوە.
فرانسوا ئۆلاند لە ٢٣ی ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ ژمارەیەک کۆبوونەوەی چڕی سەبارەت بە ئەنجامی ریفراندۆمەکەی بەریتانیا ئەنجام داوە. دوێنێ لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، بان کی مۆن کۆبوویەوە و بەمەبەستی سازدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ بڕیارە سبەی دووشەممە بگاتە بەرلین. لە کۆبوونەوەیەشدا هەریەک لە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، دۆناڵد توسک و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ماتیۆ رێنزی بەشداریی دەکەن.