Muhammet Ali Kemal
29 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2016
پاریس
سەركۆماری ئێران حەسەن روحانی رایگەیاند ''خوازیاری ئەوەین كە كێشەكانی نێوان ئێران و سعوودیە بە رێگەچارەی دیپلۆماسی چارەسەر بكرێن''.
روحانی كە بەسەردانێكی فەرمی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسایە، لەدوای ئەو كۆبوونەوەیەی كە لەگەڵ سەركۆماری فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلانددا ئەنجامی دا، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشی ساز كرد.
سەركۆماری ئێران ئاماژەی بەوە كرد كە لەدوای دانوستانە ئەتۆمییەكان و لەسایەی رێگەچارەی دیپلۆماسیدا رێككەوتنێكی راستەقینە هاتووەتە ئاراوە، لەپاش ئەوەش كە سزاكان لەسەر وڵاتەكەی هەڵدەگیرێت ئەوان دەیانەوێت ساتێك زووتر رێككەوتننامەكانی بواری وەبەرهێنان واژۆ بكەن و چیتر كاتی ئەوەیان بەدەستەوە نەماوە بەفیڕۆی بدەن.
روحانی رایگەیاند ''ئەگەر بێت و هەمووان پابەندی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی تەمووزی رابردوو بن كە لە ئەنجامی دانوستانەكان واژۆ كرا، ئەوا ئێمەش پێوەی پابەند دەبین''.
لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە دانوستانەكان لەبارەی سووریاوە، روحانی ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە چەند لایەنێكی دانوستانەكان بەهەڵوێستەكانیاندا بچنەوە و بیگۆڕن و تاوەكو بەو شێوەیە بتوانرێت سازانێك بێتە كایەوە و گوتی: ''ئەو بڕیارەی كە پەیوەستە بە سووریاوە، پێویستە لەلایەن گەلی ئەو وڵاتەوە بدرێت''.
سەركۆماری ئێران باسی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و سعوودیە كرد و گوتی: ''خوازیاری ئەوەین كە كێشەكانی نێوان ئێران و سعوودیە بە رێگەچارەی دیپلۆماسی چارەسەر بكرێن''.
لای خۆیشییەوە سەركۆماری فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند ئاماژەی بەوە كرد كە لەگەڵ ئێراندا لە ژمارەیەك بواری زۆردا هاریكاری یەكتری دەكەن و ئەمڕۆش سەبارەت بە چەندین بابەت رێككەوتننامەیان واژۆكردووە و لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە هەردوولایان هەمان سووربوونیان هەیە.
ئۆلاند گوتی: "سەبارەت بە پرسی مافەكانی مرۆڤ خەم و دڵەڕاوكێی فەڕەنسام گەیاندە روحانی''.