Hemin Hüseyin
18 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2017
هەولێر-AA
فراوانبوونی مۆزەخانەکان، هاوکاری، هاوبەشیی کاری شوێنەوارناسی لە نێوان وڵاتە جیاوازەکاندا و لە پێناو ناسین و دیاریکردنی مێژووی راستەقینەی جیهان وای کردووە کە رێکخراوە شوێنەوارییە جیهانییەکان ١٨ی مانگی ئایاری هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانی مۆزەخانە دیاریی بکەن.
بەم بۆنەیەوە مۆزەخانەی شارستانی هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا باسی گرنگی مۆزەخانە و شوێنەوارە جیاجیاکانی پارێزگای هەولێری کرد کە تۆمارکردنی قەڵای هەولێر لە لیستی شوێنەوارە جیهانەکان وەکو بایەخێکی گرنگ باسی لێوەکرا.
بەرپرسی بەشی هەڵکۆڵین لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان لەگەڵ چەند تیمێکی بیانی پەیوەندییان هەیە و لە سنووری شاری هەولێر چالاکییەکانییان ئەنجام دەدەن.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەرپرسی بەشی هەڵکۆڵین لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر، گۆران محەمەد گوتی: "ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای بیانی پەیوەندیمان هەیە و گرێبەستمان هەیە کە هەموو ئەو کەلوپەلانەی دەدۆزرێنەوە ئەوا موڵکی هەرێمی کوردستانە و ئەوان تەنیا دەتوانن توێژینەوەی زانستی لەسەر بکەن بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر".
گۆران محەمەد گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٧ لە کاتی هەڵکۆڵینی بناغەی باڵەخانەیەکدا چەند شتێکی نامۆ دەرکەوت و ئێمەیان لێ ئاگادارکردەوە و دواتر تیمی شارەزا چوونە شوێنەکە و لەئەنجامدا ٩٣ گۆزەیان دۆزیەوە لەگەڵ سێ تابووت، هاوکات ئێسک و پڕوسکی ٩ کەس دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی ئاشووری ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، بەمەش وەک شارەزایان ئاماژەیان پێیداوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣ هەزار ساڵ پێش ئێستا".
جێی ئاماژەیە رێکخراوی ئایکۆم لە ساڵی لە ١٨/٥/١٩٧٧ ئەم رۆژەی وەک رۆژی جیھانی مۆزەخانە دەستنیشان کردووە و ئامانج لێی پتەوکردنی رۆڵی مۆزەخانەیە لەناو کۆمەڵگادا و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری شوێنەوارییە لای ھاووڵاتیان.