Hemin Hüseyin
09 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2018
هەولێر - AA
گرووپی ئاشتی ژنانی سەرکردە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، دووەمین دیداری لووتکەی ژنانی سەرکردەی ئەنجامدا لە ژێر ناونیشانی "ئاشتی و تەبایی ناوخۆ، زامنی بەهێزکردنی پێگە و پاراستنی مافەکانی ژنانی کوردستانە" کە تیایدا پۆلێک ژن لە دەنگ و رەنگ و پلە و پایە جیاوازەکان بەشداری دیدارەکەن و ئامانج لەم دیدارەش زیاتر دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنانە لە بەشداریکردنییان لە پڕۆسەی سیاسیی و ئەکتیڤکردنی رۆڵی ژنان لە دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری و بەتایبەت نزیککردنەوەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم.
ژنانی بەشداربووی دیدارەکە لە رواڵەتدا دەنگ و رەنگی جیاواز، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەمان مەبەستیان هەیە ئەویش دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنانە لە کایەی سیاسییدا، بڕیاریشە دوای ئەم دیدارە لێژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی راسپاردەکانی ئەم دیدارە. ئەندامێکی دەستەی گرووپی ئاشتی ژنانی سەرکردە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجیان دابینکردنی ئاشتی ناوخۆییە لە رێگای دۆزینەوەی میکانزمێک بۆ ئەم مەبەستە، هاوکات جەخت لەوەش دەکاتەوە کە دەیانەویت پێگەی ژن بەرزتر بکەنەوە لە پڕۆسەی سیاسییدا.
ئەندامی دەستەی گرووپی ئاشتی ژنانی سەرکردە، بەهار عەلی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم دیدارەدا باس لە دوو تەوەری زۆر گرنگ دەکەین کە یەکەمیان دابینکردنی ئاشتی ناوخۆی کوردستانە کە چۆن ژنان بتوانین کار بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ناتەباییەی لە کوردستان هەیە، تەوەری دووەمیش باسی هەڵبژاردەنەکان دەکەین بۆ ئەوەی بەدوای میکانزمێکدا بگەڕیین تا بتوانین پێگەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار بەرزتر بکەینەوە".
بەهار عەلی گوتیشی: "ئەوانەی بەشداری لەم دیدارەدا دەکەن، زۆرینەی ژنانی سەرکردەن کە ئەندامی سەرکردایەتی حزبە سیاسیەکانن لەگەڵ پەرلەمانتاران، ئەمانە پێکەوە بەشدار دەبین و ئامانجمان چۆنیەتی دابینکردنی ئاشتییە لە کوردستان، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە دیدارەکە بە چ راسپاردەیەک دەردەچێت و ئاراستەی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانی دەکەین".
سەبارەت بە راسپاردەکانی دیداری پێشووتر و کاریگەرییان لەسەر بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیار، بەهار عەلی گوتی: "یەکێک لە نموونەکانی راسپاردەی دیداری یەکەم، بریتیی بووە لەوەی کە یاسای پارتە سیاسییەکان رێگرنییە لە بەشداریکردنی ژنان، بەڵام زمینەسازی نەکردووە کە ژنان بەشداری بکەن و ئێستا پڕۆژە یاسایەکمان ئامادەکردووە کە یاساکە هەموار بکرێتەوە کە پارتەکان پابەندبن بە بشدارپێیکردنی زیاتری ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا".
بەشێک لە بەشداربووەکان ئەندامانی سەرکردایەتی پارتە سیاسییەکانی کوردستانن کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە ئێستا بە هۆی ئەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستان، نەتوانرێت پارتە سیاسییەکان لەسەر ئاستی باڵادا کۆببنەوە، بەڵام ژنان دەتوانن رۆڵیان هەبێت و تەبایی ناوماڵی کورد دەستەبەر بکەن.
ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، چنار سەعد عەبدوڵڵا لەسەر ئەو بابەتە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە کە دوو خاڵی سەرەکی هەیە گفتوگۆی لەسەر دەکەین، یەکێکیان هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵیک قەیرانی سیاسیی و ئابووری تێدەپەڕێت و قوڕسە کە پارتە سیاسییەکان لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە ئەنجاممانداوە جۆرێکە لە تەحەددا کە توانیومانە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەم هۆڵەدا کۆبکەینەوە، هەوڵدەدەین پەیامێک بگەیەنین، پێمان وایە کە تەبایی ناوماڵی کوردستان و ئاشتی ناوخۆیی مافێکی هەموومانە".
چنار سەعد عەبدوڵڵا گوتیشی: "پێمان وایە ئەمساڵ ساڵێکی گرنگە بە هۆی هەڵبژاردن و کۆمەڵێک گۆڕانکاری سیاسیی، بۆیە پێمان باشە وەکو ئافرەتان خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی کە پێگەی ژن لە ناوەندی سیاسیی و ئیداری لە داهاتووی دوای هەڵبژاردنەکان بەهێز بکەین".
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان کە یەکێکە لە بەشداربووانی دیدارەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لێژنەیەک دروست دەکەن بۆ بەدواداچوونی راسپاردەکان تا ساڵی داهاتوو بۆ ئەوەی بتوانن کار لەسەر هەندێک ئەو بنەمایانە بکەن کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پێگەی ژن لە ناوەندەکانی بڕیار.
سەبارەت بەم بابەتەش، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "ئەم دیدارە تایبەتە بەو ژنانەی کە لەناو پارتە سیاسییەکان و بەشدارن و ئەرکی ئەم دیدارە بریتییە لە وتوێژ لەسەر بەشداریکردنی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار و چۆنیەتی دەستەبەرکردنی مافەکانی ژن لە رووی یاساییەوە و لایەنێکی دیکەش وەکو تەوەرێکی دیکەی بنەڕەتی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان پەیوەندییە سیاسییەکان لە ئاستی خواستی هاووڵاتییاندا نین و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان هەوڵدانە بۆ یەکخستەوەی ماڵی کورد و هێنانە کایەی ئاشتی، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندایە و پێویستمان بە یەکڕیزی هەیە".
سەبارەت بە دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە بەشداری پێکردنییان لە پڕۆسەی سیاسیی، بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "مافەکانی ژنان بەشێکیان بە یاسا پاڵپشتی کراوە وەکو ئەوەی لە پەرلەماندا هەیە، بەڵام ئەوە رەنگدانەوەی نەبووە لە سەرکردایەتی حزبەکان و لە هەمانکاتدا دەمانەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەین کە ژن چۆن دەتوانێت ببێتە کارەکتەرێکی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان، هاوکات لەم دیدارەدا لێژنەیەک پێکدەهێنین بۆ بەدواداچوونی ئەو راسپاردانەی کە بڕیاری لەسەر دەدەین".
بەشێک لە پەرلەمانتارانیش بەشداری دیدارەکەن، پەرلەمانتارێکیش کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتییە لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێی وایە ژنان لەناو پارتە سیاسییەکان و دەسەڵاتی یاسادانان بوونییان هەیە و ئەوەی دەمێنێتەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردنە کە ئاماژەی پێ دەکەن لەوێش پێویستە ژن رۆڵی خۆی بگێڕیت.
پەرلەمانتاری کوردستان لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کەژاڵ هادی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە دەمانەوێت باس لە دوو تەوەر بکەین کە یەکێکیان لەسەر زامنکردنی ئاشتییە، چونکە ژنان هەمیشە بەوە ناسراون کە ئاشتیخوازن، بەتایبەت لە ئێستادا دەبیت رۆڵمان هەبێت، تەوەری دووەمیش ئەوەیە کەمی بەشداریکردنی رێژەی ژنانە لە ناوەندەکانی بڕیار".
کەژاڵ هادی گوتیشی: "لەناو پارتە سیاسییەکان ژنان بوونیان هەیە و رۆڵی گاریگەریان هەیە. لە دەسەڵاتی یاسادانان ئەویش گرفتمان نییە. لە دەسەڵاتی جێبەجێکار ژنان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و پێویستە زیاتر بەشداری لە حکوومەتدا بکەن".
هەر لەسەر هەمان مەبەست، پەرلەمانتاری کوردستان لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان، ئێڤار ئیبراهیم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قسە لەسەر ئاشتی و تەبایی دەکرێت و چەند پرسێکی گرنگ باس دەکرێت کە ژنان چۆن بەشداری بکەن لە ناوەندەکانی بڕیاردا، ئەگەر باسی چەند ساڵی رابردوو بکەین وەکو پێویست ئافرەتان بەشداری ناوەندەکانی بڕیار نەبوون و لە کۆی کابینەی هەشت تەنها یەک ژن پلەی پۆستی وەزیری هەیە و ئێمە دەمانەوێت لە داهاتوودا ئەو پێگەیە بەرز بکرێتەوە".
گرووپی ئاشتی ژنان لە کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە و ئەمە دووەمین دیدارە لە نێوان ژنانی سەرکردە و پەرلەمانتاران ئەنجامی دەدات و یەکەمین دیداریش ساڵی رابردوو ئەنجامیدا کە تیایدا توانیان کۆمەڵێک راسپاردە و بڕیاری گرنگ دەربکەن بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی لەسەر پێگەی ژنان هەبێت لە پڕۆسەی سیاسییدا.