Enes Canlı
18 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2022
قودس - AA
دوای نوێژی بەیانی هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا.
پۆلیسەکان چوونە ناو حەوشەی مزگەوتەکەوە و بەزۆر ئەو فەڵەستینییانەیان دوورخستەوە کە لەبەردەم شوێنی نوێژکردنی (قبة الصخرة) کۆبووبوونەوە.
بەشێکی فەڵەستینییەکان چوونە ناو شوێنی نوێژکردنەکەوە و بۆ رێگریکردن لە هاتنە ژوورەوە پۆلیسەکانی ئیسرائیل لە پەنجەرەکانەوە بەردیان گرتە پۆلیسەکان.
هێزەکانی پۆلیس دوای کردنە دەرەوەی فەڵەستینییەکانی حەرەمی شەریف، دەروازەکانی مزگەوتی ئەقسایان داخست.
دواتر جوولەکە توندڕەوەکان، بەیاوەری هێزەکانی پۆلیس چوونە ناو حەوشەی مزگەوتی ئەقسا.
لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی ئیسرائیل پێش نوێژی بەیانی، بە بەربەستی کۆنکرێتی دەروازەکانی مزگەوتی ئەقسایان لەسەر بەشە کۆنەکەی شاری قودس، داخست و رێگەیان نەدا لەو دەروازانەوە موسڵمانان بچنە ناو مزگەوتی ئەقسا.
هەروەها ژمارەیەکی زۆر جوولەکەش لەبەردەم ئەو دەروازە داخراوانەی مزگەوتەکەدا، وێرد و نزای تایبەت بە ئایینی خۆیان خوێند.
بەبۆنەی جەژنی فسح کە بۆنەیەکی تایبەتی جوولەکەکانە و لە ١٥ی نیسانەوە دەستی پێ کردووە و تا ٢٣ی نیسان دەخایەنێت، هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، رێوشوێنەکانیان لەناو قودس زیاتر کردووە.
پێشتریش رۆژی هەینی لە دوای نوێژی بەیانی، هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا و لەڕێی بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ، بۆمبی دەنگی و گوللەی پلاستیکییەوە بڵاوەیان بە نوێژخوێنانی ناو مزگەوتەکە کرد.
بەیانی یەکشەممەش بەهەمان شێوە پۆلیسی ئیسرائیل، هەڵیکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا و لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و فەڵەستینییەکاندا پێکدادان روویدا.