Mehmet Nuri Uçar
11 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2024
ئیستانبوڵ - AA
بە درێژایی شەوی ڕابردوو هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو بەردەوام بوون و بە هۆیەوە دەیان فەڵەستینی کوژران و بریندار بوون.
هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل کە بووەتە هۆی کۆچی زۆرملێ و برسێتی خەڵکی غەززە لە ١٢٨هەمین ڕۆژی خۆیدا بەردەوام بوو.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی فەڵەستین (WAFA) بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی لە دێربەلەح و ڕەفەح بە چڕی بۆردومان کردووە.
لە هێرشەکاندا ژمارەیەکی زۆر فەڵەستینی کە بەشی زۆریان ژن و منداڵ بوون کوژراون.
سەرچاوە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی بۆردومانی ماڵێک لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح، بە لایەنی کەم ٢٥ کەس کوژراون.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە، لە میانی شەو و ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل ٤٢ کەس کوژراون.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلیش ئەمڕۆ بەیانی شارۆچکەی خان یونس'یان بە چڕی بۆردومان کرد و هاوکاتیش بە تۆپ ناوەندی غەززە کرایە ئامانج.
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە دەستی پێکردووە، ٢٨ هەزار و ٦٤ فەڵەستینی کوژراون و ٦٧ هەزار و ٦١١ کەسیشی بریندارن.