Mehmet Nuri Uçar
04 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2024
ئیستانبوڵ - AA
هێرش و گەمارۆکانی سوپای ئیسرائیل کە بووەتە هۆی برسێتی و تونێتی هەزاران کەسی فەڵەستینی و هاتنەئارای دۆخێکی کارەساتبار، لە ١٢١هەمین ڕۆژی خۆیدا بەردەوام بوو.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی فەڵەستین (WAFA) بڵاوی کردەوە کە سوپای ئیسرائیل بەردەوام بووە لە هێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر ئاوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە و هاوکاتیش ناوچەکە لە لایەن تۆپخانەکانیشەوە بە ڕێگەی وشکانی و دەریاییەوە کرایە ئامانج.
بە هۆی بۆردومانی ماڵێک لە ناوچەی دێربەلەح، دوو کەس کوژران و حەفت کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر شارۆچکەکانی ڕەفەح و خان یونس کە فەڵەستینییەکان لە ترسی بۆردومانەکان لە سەرانسەری کەرتی غەززە پەنایان بۆ هێناوە، ١٠ کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوەکانی تەندروستی باس لەوە دەکەن کە دوا بەدوای کشانەوی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی باکووری کەرتی غەززە، تەرمێکی زۆر گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی کەمال عەدوان.
ژمارەی ئەو فەڵەستینیانەی کە لە٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە تا ئێستا لە ئاکامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کوژراون، بەرزبووەتەوە بۆ ٢٧ ھەزار و ٢٣٨ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٤٤ ھەزار و ٤٥٢ کەس.
بەشێکی زۆری قوربانیان لە ژێر داروپەردووی ڕووخاوی بیناکاندا ماونەتەوە و لە هێرشەکانیشدا ژێرخانی کەرتی غەززە وەک نەخۆشخانە، قوتابخانە و تەنانەت ئەو شوێنانەی کە ئاوارەکان پەنای بۆ دەبەن، دەکرێتە ئامانج.