Ekrem Biçeroğlu
01 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2023
غەززە - AA
لە ئاکامی ئەو ھێرشانەی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا کردوویەتە سەر غەززە، ٥٢ مزگەوت بە تەواوی ڕووخاون.
سەرۆکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەت لە غەززە، سەلامی مەعروف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، زانیاریی سەبارەت بەو کاولکاریە خستەڕوو کە ھێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دروستیان کردووە.
مەعروف باسی لەوە کرد کە لە ئاکامی ھێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە ٥٢ مزگەوت بە تەواوی ڕووخاون و، ١١٠ مزگەتی دیکەش زیانی ھەمەجۆریان پێگەیشتووە.
ھەروەھا مەعروف باسی لەوە کرد کە بەھۆی ئەو ھێرشانەوە یەک ملیۆن و نیو کەس بەناچاری ئاوارە و دەربەدەر بوون و پەنایان بۆ ناوەندەکانی پەنادان بردووە، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ھێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە کارەساتیان دروست کردووە.
گوتیشی: "ئیسرائیل لە غەززە ٨٢ ناوەندی حکوومەت و دەیان دامەزراوەی خزمەتگوزاری و گشتیی لەناوبردووە و بەھۆی ھێرشەکانەوە ٢١٢ خوێندنگە زیانی ھەمەجۆریان بەرکەوتووە و ٤٥ خوێندنگە بە تەواوی وێران بوون".