Gülşen Topçu
23 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2020
کەرتی غەززە - AA
فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، لە كەرتی غەززە زنجیرەیەك هێرشیان كردە سەر چەند خاڵێک.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەند خاڵێکی حەماس لە کەرتی غەززە.
باس لەوە کرا لەو هێرشەدا کە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ئاڕاستەکردنی مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدراوە، تونێلێکی حەماس و کۆگایەکی چەک کراونەتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ناوخۆییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی سەربە لیواکانی عیزەددین قەسامی باڵی سەربازیی حەماس و چەند کێڵگەیەکی کشتوکاڵی.
ئاماژە بەوەیش کرا کە لەو هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانیی نەکەوتووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو کە دوێنێ ئێوارە لە کەرتی غەززەوە دوو مووشەک ئاڕاستەی خاکی وڵاتەکەی کراوە، لەوانەش یەکێکیان لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیەوە تێکشکێنراوە.