Zeynep Tüfekçi Gülay
17 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2021
کەرتی غەززە - AA
سوپای ئیسرائیل، هێرشی ئاسمانیی کردە سەر چەند ئامانجێک لە کەرتی غەززە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە ناوچەکە، ئاماژەی بەوە کرد لەو هێرشە ئاسمانییەی فڕۆکە جەنگیەکانی سەربە سوپای ئیسرائیل ئەنجامیاندا، چەند ناوچەیەکی کراوەی کەرتی غەززەی گەمارۆدراو کراوەتە ئامانج.
لەو هێرشەدا هیچ زیانێکی گیانیی نەکەوتووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، ئاماژە بەوە کردووە کە فڕۆکە جەنگییەکان هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ژمارەیەک پێگەی حەماس لە کەرتی غەززە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هێرشەکە وەک بەرپەرچدانەوەیەک بەرامبەر ئاراستە کردنی مووشەکێک لە کەرتی غەززەوە بۆ ئیسرائیل ئەنجامدراوە و، تیایدا جبەخانەیەکی چەک، سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکی دژە فڕۆکە و تونێلێک کراونەتە ئامانج.
هێشتا لە کەرتی غەززە هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە مووشەکیەی نەگرتووەتە ەستۆ.
هەروەها حەماس هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە.