Betül Yürük
25 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2020
نەتەوەیەکگرتووەکان- AA
پەیماننامەی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەی چەکی ناوەکی بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە پێویستی بە پشتیوانی ٥٠ وڵات بوو.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە هۆندوراس وەک ٥٠مین وڵات پەیماننامەکەی پەسەند کردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە یەکەم پەیماننامەی نێودەوڵەتیی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەی چەکی ناوەکی لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
قۆناغی خستنە بواری جێبەجێکردنی پەیماننامەکە لە ٧٥مین ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ٢٤ی تشرینی یەکەمدا دەستی پێکرد.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس ئەوەی ئاشکرا کرد کە خستنە بواری جێبەجێکردنی پەیماننامەکە ئەنجامی هەڵمەتێکی نێودەوڵەتییە و رێککەوتنێکی گرنگە بۆ بەیەکجاری لەناوبردنی چەکە ئەتۆمییەکان لە جیهاندا.
وێڕای بەرهەڵستی وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، چین و رووسیا پەیماننامەی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەی چەکی ناوەکی لە حەوتی تەمووزی ٢٠١٧دا لەلایەن ١٢٢ ئەندام لە کۆی ١٩٣ ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەسەند کرا.
لە ٢٠ ئەیلوولی ٢٠١٧وە تا ئێستا ٨٤ وڵات واژوویان لەسەر پەیماننامەکە کردووە و ٥٠ وڵاتییان داوای ئەوەیان کردووە کە بەهیچ شیوەیەک چەکی ناوەکی و هاوشێوەکانی بەرهەم نەهێندرێت، تاقی نەکرێتەوە و عەمبار نەکرێت.
ئەمریکا، رووسیا، چین، بەریتانیا، فەڕەنسا، هیندستان، پاکستان، کۆریای باکوور و ئیسرائیل کە خاوەنی چەکی ناوەکین پەیماننامەکەیان واژوو نەکردووە.