Mazın Asad,Abdullah Shukur
19 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2017
واشنتۆن - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندی نیشان دا بە فرۆشتنی چەک بە عێراق بە بڕی ٢٩٥.٦ ملیۆن دۆلار بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە.
وەزاەرتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی لەبارەی فرۆشتنی چەک بە عێراق بڵاوکردەوە کە بۆ دوو یەکەی پیادە و دوو یەکەی تۆپھاوێژی ھێزەکانی پێشمەرگە دەنێردرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە چەکەکان بە بڕی ٢٩٥.٦ ملیۆن دۆلار دەفڕۆشرێن و راشگەیەندراوە کە حکوومەتی عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستی ھێزەکانی پێشمەرگە ئەو داواکارییەی کردووە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "ئەو چەکانە بە یەکەی پیادە و یەکە تۆپھاوێژانەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان دەدرێت و پێکەوە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی کار دەکەن".
وەزارەتەکە راشیگەیاند کە عێراق داوای ٤٤٠٠ چەکی ئێم ١٦ ئەی ٤، ٤٦ دۆشکای ئێم ٢ کالیبەر، ١٨٦ بی کەی سی جۆری ئێم ٢٤٠ بی، ٣٦ ئۆتۆمبێلی ھەمڤی، ٧٧ ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕی ھەمڤی و چەندین کەلوپەلی دیکەی کردووە.
راشگەیەنرا کە ئاژانسی ھەماھەنگی ئاسایشی بەرگری لەمبارەیەوە لە ١٨ی ئادار زانیاری بە کۆنگرێسی ئەمریکا داوە.
مانگی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاندبوو کە لە چوارچێوەی پرۆگرامی "فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازیی دەرەکی" لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تاکو ئێستا رەزامەندی دەربڕیوە بە فرۆشتنی چەک و کەوپەلی سەربازی بە عێراق بەبەهای ٢٢ ملیار دۆلار.