Sümeyye Dilara Dinçer,Tuğba Altun
27 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2025
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ڕایگەیاند: "ئەگەر بڕیار بێت سەرلەنوێ هەیکەلی ئاسایشی ئەورووپا پێکبهێندرێتەوە، ئەوا بەبێ تورکیا ناکرێت. هەیکەلێکی ئەمنیی کە تورکیا وەلابنێت، زۆر ڕاستیی نییە".
دوای کۆبوونەوەیان لە ئەنقەرە، فیدان و وەزیری کاروباری ئەورووپا و دەرەوەی ئەلبانیا، ئیگلی حەسەنی، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی نوێ لە ئەمریکا بۆچوون و سیاسەتەکانی لە بارەی جەنگی ئۆکراینا بە بەراورد بە ئیدارەی پێشوو دژ بە یەکن و، ڕایگەیاند: "تێدەگەین کە هەوڵی پێکهێنانی زەمینەی ڕێککەوتنێک دەدەن لە بارەی وەرگرتنەوەی ئەو خەرجییانەی لە ئۆکراینا کردوویانە".
%2FAA-37184071.jpg)
گوتیشی: "ئەوەندەی لێیتێدەگەین کە مشتومڕ دەکرێت لەسەر ئەوەی لە بەرامبەر ئەوەدا چ جۆرە گەرەنتییەک وەردەگیرێت. دەبینین کە چۆن ئەم بەڵێنانە جێبەجێ دەکرێن، ئەمریکییەکان بەڵێ بۆ چ بڕیارێک دەکەن".
وەزیری دەرەوە تورکیا فیدان، باسی لەوە کرد کە سەرکردە ئەورووپییەکان لەگەڵ ئەمریکا و لە نێو خۆشیاندا دانوستانی جددی دەکەن و، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لەم نزیکانەدا سەردانی ئەمریکای کردووە.
فیدان ئەوەیشی خستەڕوو کە ڕۆژانی ١-٢ی ئاداردا سەرکردە ئەورووپییەکان کۆبوونەوەیەک لە ژێر ناوی "ئاسایشی ئەورووپا و ئۆکراینا" ساز دەکەن و، ڕایگەیاند: "لەلایەک هەنگاو دەنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، لەلایەکی دیکەوە وڵاتانی ئەورووپا لە نێو خۆیاندا کاردەکەن بۆ پێکهێنانی میکانیزمێکی گەورە ڕاوێژ. لەم دۆخەدا هەیکەلی ئاسایشی ئەورووپا لە داهاتوودا چۆن دەبێت؟ دەبینین پرسگەلێک لە بارەی پەیکەرێکی ئەمنیی ئەورووپی بەبێ ناتۆ دەخرێتە بەرنامەی کار و لەلایەن سەرکردە ئەورووپییەکانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت''.
هاکان فیدان باسی لەوەیش کرد کە لە نزیکەوە چاودێری ئەم کۆبوونەوانە دەکەن و، ڕایگەیاند: "ئەگەر بڕیار بێت سەرلەنوێ هەیکەلی ئاسایشی ئەورووپا پێکبهێندرێتەوە، ئەوا بەبێ تورکیا ناکرێت. هەیکەلێکی ئەمنیی کە تورکیا وەلابنێت، زۆر ڕاستیی نییە".
