Hamdi Yıldız
12 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2020
بەیروت - AA
سەرکردەی رێکخراوی حزبوڵڵا لە لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بانگەشانەی باس لەوە دەکەن کە رێکخراوەکە بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کار دەکات درۆن و هەڵبەستراون و گوتی: ''پابەندی ئەو سنوورەین کە دەوڵەت لەگەڵ ئیسرائیل دیاریی دەکات''.
حەسەن نەسروڵڵا لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی لوبنان باسی لەوە کرد کە دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل تەنها بۆ کێشانی سنوورەکانە و دەستپێکی هیچ شتێکی دیکە نییە.
گوتیشی: ''سەرکۆمار میشێل عەون دۆسیەی دانوستانەکە بەڕێوەدەبات و ئێمەش متمانەمان بە بەڕێز سەرکۆمار هەیە و دەزانین کە توندە لە بەدەستهێنانی مافەکانی لوبنان''.
سەرکردەی رێکخراوی حزبوڵڵا لە لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا راشیگەیاند ''پابەندین بەو سنوورەی دەوڵەت لەگەڵ ئیسرائیل دیاریی دەکات''. ئەوەشی خستەڕوو کە لە پاڵ سوپادا دەبن بۆ ئازادکردنی هەر خاکێکی داگیرکراو.
حەسەن نەسروڵڵا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو بانگەشانەی باس لەوە دەکەن رێکخراوەکە بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کار دەکات درۆن و هەڵبەستراون.
سەرکردەی رێکخراوی حزبوڵڵا لە لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمریکا کرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە رۆیشتنی دۆناڵد ترەمپ کە ماوەی سەرۆکایەتیەکەی تەواو دەبێت، باسی لەوەیش کرد کە لەگەڵ رۆیشتنی دۆناڵد ترەمپ یەکێک لە سێ پایەکەی "گرێبەستی سەدە" رووخا.
دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لەبارەی ناکۆکییەکان لەسەر سنوورە دەریایی و وشکانییەکان کە بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکردووە، خولی یەکەمی لە ١٤ی تشرینی یەکەم، خولی دووەم لە ٢٨ی تشرینی یەکەم و خولی سێیەمیشی لە ٢٩ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوون.