Ramal Abdullah Mahmood
30 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2017
نیویۆرک – AA
لە رۆژی یادکردنەوەی ئەو سەربازانەی لە جەنگدا کوژراون "Memorial Day" کە هەموو ساڵێک لە سەرتاسەری ئەمریکا بەڕێوە دەچێت، چێشتلێنەری دیاربەکری، حەقی ئاکدەنیز پیتزایەکی لە شێوەی ئاڵای ئەمریکا درووست کرد کە درێژیەکەی شەش مەترە و بەسەر سەربازان و هەژاراندا دابەشی کرد.
حەقی ئاکدەنیز لە میانی کردنەوەی چێشتخانەیەکی نوێی پیتزا خاڵی یەکتربڕینی نێوان کۆڵانی ١٤ و شەقامی پێنجەم دوێنێ کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی یادکردنەوەی ئەو سەربازانەی لە جەنگدا کوژراون و ساڵانە لە دوا دووشەممەی مانگی ئایاردا بەڕێوە دەچێت، پیتزایەکی شەش مەتری دروست کرد.
ئەم پیتزایە بە خۆڕایی بەسەر سەربازان، سەربازانی خانەنشین و بێ ماڵ و حاڵاندا دابەشکرا.
حەقی ئاکدەنیز بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند پیتزاکەی لە چوار جۆر پەنیر و زەیتی زەیتوون و گۆشتی گوێرەکە دروست کردووە و تیشکیشی خستە سەر ئەوەی "گەورەترین پیتزای ئاڵای ئەمریکا"ی درووست کردووە و، گوتی: "ئەمڕۆ لە بەرزراگرتنی ئەم یادەدا کە ٣٠٠ ملیۆن کەس یادی دەکەنەوە، ویستم کارێک بکەم کە کەس پێی نەکراوە".
ئاکدەنیز سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا تامکردنی ئەو پیتزایە لە لایەن سەربازانەوە لەم رۆژەدا واتادارە و گرنگی لەخۆ دەگرێت.
ژمارەیەک لەو سەربازانەی لە نیویۆرک بوون و لە رێپێوانی تایبەت بەم بۆنەیەوە بەشدارییان نەکرد، ئاماژەیان بەوە داوە کە بەرێکەوت بەو ناوەدا تێپەڕيوون و تامی پیتزاکەیان کردووە.
حەقی ئاکدەنیز کە بە هۆی نەبوونی شوێن و نەبوونی پارە ماوەیەک لە خانەی بێماڵان لە نیویۆرک ژیاوە، دوای ئەوەی لە خواردنگەیەک دەچێتە سەرکار و هەوڵەکانی خۆی بەچڕی دەخاتە گەڕ دەتوانێت بگاتە پاڵەوانێتی جیهانی هەویری پیتزا. دواتر دەبێتە خاوەن کار و هەفتەی پێشووتر ١٠ەمین چێشتخانەی پیتزای لە نیویۆرک کردەوە.