Dildar Baykan,Mohammed Baqi Hussein
02 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2019
نیویۆرك - AA
لە میانی خۆپیشاندانەكاندا كە بەبۆنەی یەکی ئایار رۆژی جیهانیی كرێكارانەوە لە شاری نیویۆركی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوەچوو، بانگەواز لە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كرا كە دەست لە ڤێنیزوێلا هەڵبگرێت.
سەدان كەس كە بەبۆنەی یەکی ئایار رۆژی جیهانیی كرێكارانەوە لە نیویۆرك گردبووبوونەوە لە مەیدانی كۆڵۆمبۆسەوە بەرەو ترەمپ تاوەر، رێپێوانێكیان ئەنجامدا.
خۆپیشاندەران لەبەردەم ترەمپ تاوەردا بانگەوازیان لە ترەمپ كرد دەستبەرداری ڤێنیزوێلا ببێت و دروشمی "نەخێر بۆ جەنگ لە ڤینیزوێلا"یان بەرزكردەوە.
هاوكات خۆپیشاندەران داوای باشتركردنی هەلومەرجەكانی ژیانی كرێكارانیشیان كرد.
رۆژی سێشەممە، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆكی پەرلەمانی ڤێنیزوێلا، خوان گوایدۆ كە خۆی بە سەرۆك راگەیاندووە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بانگەوازی لە هاووڵاتییان و سوپا كرد بڕژێنە شەقامەكان.
خوان گوایدۆ لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە لە تویتەر بڵاوكردووەتەوە، هاوشان لەگەڵ گرووپێك سەرباز و چالاكی ئۆپۆزسیۆن، لیۆپۆڵدۆ لۆپێز لە نزیك بنکەی سەربازی ئاسمانیی لا كارلۆتا لە كاراكاسی پایتەخت دەردەکەوێت بانگەواز لە سوپا دەكات بە مەبەستی پاراستنی دەستوور بڕژێتە شەقام و رایگەیاند:
"بۆ ئەوەی وڵات بکەوێتەوە سەرپێی خۆی بە شێوەیەكی دیموكراسی، بانگەوازتان لێدەكەم راپەڕن. ئیدی كاتی هاتووە".
دواتر جێگری سەرۆکی ڤێنیزوێلا، نیکۆلاس مادۆرو و وەزیری پەیوەندی و راگەیاندن، خۆرخێ رۆدریگێز رایگەیاند، گرووپێکی بچووکی سەربازی کە پەیوەندییان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن هەیە هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا دەدەن و دووپاتیکردەوە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو هەوڵی کودەتایە.
میدیای رۆژئاوا بڵاویانکردەوە کە هێزە ئەمنییەکانی ڤێنیزوێلا گازی فرمێسکڕێژیان دژبە خوان گوایدۆ بەکارهێناوە لە میانی گردبوونەوەی ژمارەیەک کەس کە جلی سەربازییان پۆشبوو لە نزیک بنکەی سەربازی ئاسمانیی لا كارلۆتا لە كاراكاسی پایتەخت.