Mücahit Aydemir
22 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2022
قودس - AA
سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل و سەرۆکی پارتی لیکود کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیه، بینیامین نهتانیاهو لەبارەی بڕیاری حکوومەتی هاوپەیمانیی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نافتالی بێنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، رایگەیاند: "ئەمە لە مێژووی ئیسرائیلدا خراپترین کابینەی حکوومەت بوو".
بینیامین نهتانیاهو لەبارەی بڕیاری دوێنێی هاوبەشانی حکوومەتی هاوپەیمانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نافتالی بێنێت و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، یایر لاپید لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بۆ میدیاکاران دوا.
نهتانیاهو وێڕای ئاماژەدان بەوەی ئیدی هاوپەیمانی ناتوانێت وڵات بەڕێوە ببات، گوتی: "دەتگوت وڵات لە دەستمان دەرهێندراوە، بەتایبەت لەبارەی ئاسایشییەوە کە تەواوی ئیسرائیلییەکان هەستیان پێ کردبوو. دووەمیشیان گرانبوونی کاڵا و شتومەک کە گەیشتبووە ترۆپک. توانای چارەسەرکردن بۆ ئەم کێشانە سفر بوو. سێیەم بابەتیش شکۆی نیشتمانیی بوو، دیمەنە تۆقێنەرەکانی ترسان لە هەڵدانی ئاڵای ئیسرائیل لەلایەن گەنجەکانی قودسەوە تەواوی ئیسرائیلییەکانی بریندار کرد".
ههروهها گوتی: "ئەمە لە مێژووی ئیسرائیلدا خراپترین کابینەی حکوومەت بوو" و جهختی لهوه كردهوه کە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بەشێوەیەکی بەهێز و کاریگەر، خۆیان ئامادە کردووە بۆ هەڵبژاردن و رایگهیاند: "حکوومەتێکی نیشتمانیی سەقامگیر، بەهێز و بەرفراوان کە شکۆی نیشتمانیی بگێڕێتەوە پێكدەهێنین".