Sarp Özer
22 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2022
ئەنقەرە – AA
بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمی خۆراک و دەرچوونی ئەو کەشتییانەی دانەوێڵە دەگوازنەوە کە لە بەندەرەکانی ئۆکراینا لە چاوەڕوانیدا هێڵدراونەتەوە، دوێنێ شاندی سەربازیی تورکیا و رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە. زاندراوە "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە شاندەکان گەیشتوونەتە ئەو دیدگایەی کە شاندی تورکیا، رووسیا، ئۆکراینا و نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ ببنەوە".
دوای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی "قەیرانی کەمی خۆراک" کە هۆکارەکەی بۆ ئەو جەنگە دەگەڕێتەوە لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا هەڵگیرساوە، وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار پەیوەندی بە هاوتا رووسی و ئۆکراینییەکەیەوە کرد و دواتر "هێڵی دیپلۆماسی سوور" لەنێوان تورکیا، ئۆکراینا و رووسیا ئەنجامی باشی بەدەست هێنا.
لەو میانەیەدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمی خۆراک و دەرچوونی ئەو کەشتییانەی دانەوێڵە دەگوازنەوە کە لە بەندەرەکانی ئۆکراینا لە چاوەڕوانیدا هێڵدراونەتەوە و هاتنەوەی فڕۆکەکانی تورکیا بە سەلامەتی کە لە فڕۆکەخانەی بۆریسپۆل گیریان خواردووە دوێنێ شاندێکی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی تورکیا گەیشتە مۆسکۆ و لەگەڵ شاندی سەربازیی رووسیا کۆبوونەوە.
زاندراوە کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئێجگار باش و بونیادنەرانەدا ئەنجام دراوە و "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە شاندەکان گەیشتوونەتە ئەو دیدگایەی کە شاندی تورکیا، رووسیا، ئۆکراینا و نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ ببنەوە".
لەو میانەیەدا چاوەڕێ دەکرێت دوای کۆبوونەوەی نێوان ئۆکراینا و نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوە لەنێوان هەر چوار شانددا لە تورکیا ئەنجام بدرێت.