Meiramgul Kussainova
22 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا ئاشکرای کرد لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئەمڕۆ، ژمارەی کوژراوانی سوپای رووسیا ٣٤ هەزاری تێپەڕاندووە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا نوێترین زانیاری لەبارەی زەرەر و زیانەکانی سوپای رووسیا لە ٢٤ی شوبات تا ٢١ی حوزەیران، خستەڕوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا تا ئەمڕۆ، ٣٤ هەزار و ٢٣٠ سەربازی رووسیا کوژراون. هەروەها ٢١٦ فڕۆکەی جەنگیی، ١٨٢ هێلیکۆپتەر، هەزار و ٤٩٦ تانک، سێ هەزار و ٦١٤ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، ٧٥٢ تۆپهاوێژ، ٢٣٩ مووشەکهاوێژ، ١٣٧ مووشەک و ٩٩ سیتسمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا، تێکشکێندراون.
راشیگەیاندووە کە رووسیا دوو هەزار و ٥٤٣ ئۆتۆمبێلی سەربازیی، ٦١٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١٤ کەشتی و یەختی خێرایی مامناوەندی لەدەستداوە و سەربازانی رووسیا لە ناوچەکانی سلاڤیانسک، بەهموت و ئاڤدیڤسکی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
ئەوە لەکاتێدایە وەزارەتی بەرگریی رووسیا پێشتر لە راگەیەندراوێکدا کە لە ٢٥ی ئاداری رابردوو بڵاوی کردبووەوە کوژرانی هەزار و ٣٥١ سەربازی لە ئۆکراینا راگەیاندبوو.